ڕێژەی گەڕانەوەی سەرمایە (ROI) چییە و لە دیجیتاڵ مارکێتینگدا چ گرنگییەکی هەیە؟
لە بواری بازرگانی و بزنسدا، هەر کەسێک یان ڕێکخراوێک کە دەست دەکات بە وەبەرهێنان لە هەر بوارێکدا، بەپێی ئەو تێچووەی کە دەیکات، چاوەڕێی گەڕانەوەی سەرمایەکەی دەکات. بۆ نموونە کاتێک کۆمپانیایەکی فیلم دروست کردن دەست دەکات بە بەرهەمهێنانی فیلمێکی سینەمایی و ڕێکلامکردن بۆی، لە بەرامبەر ئەو پارەیەی بۆ دروستکردن و ڕێکلامی فیلمەکە خەرجی کردووە، بێگومان چاوەڕێی گەڕانەوەی تێچووەکان و تەنانەت قازانجیش لە ڕێگەی فرۆشتنی فیلمەکەوە دەکات ؛ ئەم نموونەیە بە ڕوونی چەمکی ڕێژەی گەڕانەوەی سەرمایە یان هەمان ROI دەناسێنێت.
بەڕێوەبەرانی هەر بزنسێک، چ بزنسە ئۆنلاینەکان بن یان بزنسە تەقلیدی و کۆنەکان، بەدوای ئەوەوەن کە بە کەمترین تێچووی گونجاو، زۆرترین قازانج بەدەست بهێنن. ڕێژەی گەڕانەوەی سەرمایە چەمک و پێوەرێکی زۆر کارایە بۆ یارمەتیدانی بەڕێوەبەرانی بزنس بۆ گەیشتن بەم ئامانجە.
لەناو ئەم بابەتەدا و لە درێژەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە بواری دیجیتاڵ مارکێتینگ، باس لە چەمکی زۆر گرنگی ڕێژەی گەڕانەوەی سەرمایە (ROI) دەکەین و دەربارەی هەر یەک لەم بەشانەی خوارەوە بە جیا دەدوێین:
- ڕێژەی گەڕانەوەی سەرمایە یان ROI چییە؟
- چۆنیەتی بەکارهێنانی چەمکی ROI لە بواری مارکێتینگدا.
- چۆنیەتی ئەژمارکردنی ROI.
- پرسی پێوانەکردنی ROI لە مارکێتینگدا.
- باشترین ڕێگاکان بۆ پێوانەکردنی ROI مارکێتینگ.
- باشترکردنی ڕێژەی گەڕانەوەی سەرمایەی مارکێتینگ.
ڕێژەی گەڕانەوەی سەرمایە یان ROI چییە؟
ئەگەر بمانەوێت پێناسەیەکی زۆر سادە بۆ ڕێژەی گەڕانەوەی سەرمایە بکەین، ROI بڕی ئەو داهات و قازانجەیە کە لە ئەنجامی وەبەرهێنان و خەرجکردن لە بوارێکی دیاریکراودا بەدەست دێت. ئەم پێوەرە ئاستی سەرکەوتنی بزنسەکە لە وەبەرهێنان و ڕادەی گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکان نیشان دەدات و ژمارەکەشی زۆربەی کات بە شێوەی ڕێژەی سەدی (%) دەردەبڕدرێت.
بەڵام خاڵێکی گرنگ کە دەبێت لە ئەژمارکردنی ROIدا ڕەچاو بکرێت ئەوەیە کە هەر وەبەرهێنانێک مەرج نییە دەرئەنجامەکەی تەنها قازانجی دارایی بێت. ڕەنگە ئامانجی بەڕێوەبەرانی بزنسێک لە وەبەرهێنانێکدا بابەتێکی تر بێت بێجگە لە پارە؛ بۆ نموونە ئەو بەڕێوەبەرانەی ئاهەنگی بۆنەکان بۆ فەرمانبەرەکانیان ڕێکدەخەن و تێچووی تێدا دەکەن، مەبەستیان زیادکردنی ڕەزامەندیی فەرمانبەرانە لە ژینگەی کار و بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانیان، کە ئەم بابەتە بە پێوەرە داراییەکان ناپێورێت.
ئەژمارکردنی ROI لە بواری مارکێتینگدا یارمەتی بەڕێوەبەران دەدات تا ئاستی کارایی چالاکییە مارکێتینگیەکانیان بە شێوەیەکی گونجاو هەڵسەنگێنن، و تەنانەت دەتوانن کارکردنی کەناڵێکی دیاریکراو یان کۆی گشتی ڕێگاکانی مارکێتینگ بپێون. بۆ نموونە ئەگەر بزنسێک لە بواری فرۆشتنی زێڕوزەنبەر بە شێوەی ئۆنلاین کار بکات و کەناڵی جیاوازی وەک ئینستاگرام، سایت و تێلێگرام بەکاربهێنێت، بەڕێوەبەران دەتوانن بە بەکارهێنانی ROI بزانن کام کەناڵ کاریگەریی زیاترە و ئاستی گەڕانەوەی قازانج لە کۆی پرۆسەکەدا چەندە.
چۆنیەتی بەکارهێنانی چەمکی ROI لە بواری مارکێتینگدا
ROI بە چەندین هۆکار پێوەرێکی زۆر گرنگ و کارایە بۆ هەڵسەنگاندنی کارکردنی مارکێتینگی بزنسەکان، لەوانە:
- سەلماندنی مووچەی مارکێتینگ: بە بەکارهێنانی ئەم پێوەرە دەتوانن بڕی قازانج و گەڕانەوەی سەرمایە لە بواری مارکێتینگدا ئەژمار بکەن و پێشکەشی بەڕێوەبەران و بڕیاردەرانی ڕێکخراوەکەی بکەن، تا لە ڕێگەی ئەم ئەنجامانەوە قایلیان بکەن بۆ بەردەوامبوون لە وەبەرهێنان لە کەمپەینەکاندا.
- دابەشکردنی مووچە بە شێوەیەکی ژیرانە: بە یارمەتی ROI دەتوانن کارایی کەناڵە جیاوازەکان هەڵسەنگێنن. بەم شێوەیە دەتوانن ئەو کەناڵانەی قازانجیان زیاترە بناسنەوە و وەبەرهێنانیان تێدا زیاد بکەن، و لە بەرامبەردا تێچووی ئەو کەناڵانە کەم بکەنەوە کە کاراییان کەمترە.
- تەرکیزکردن لەسەر ئامانجە سەرەکییەکان: بە ئەژمارکردنی ROI دەتوانن تەرکیز بخەنە سەر ئەو پێوەر و بنەمایە سەرەکییانەی کە بۆ بزنسەکە گرنگن و خۆتان بەدوور بگرن لە بەفیڕۆدانی کات و پارە لەو لایەنانەی کە بایەخیان کەمترە.
چۆنیەتی ئەژمارکردنی ڕێژەی گەڕانەوەی سەرمایە (ROI)
لە دەستپێکی ئەم بەشەدا باس لە هەنگاوەکانی ئەژمارکردنی ROI دەکەین:
ناساندنی پێوەرە سەرەکییەکانی کارکردن (KPI)
یەکەم و ڕەنگە گرنگترین قۆناغ بۆ ئەژمارکردنی ROI، ناساندنی پێوەرە سەرەکییەکانی کارکردن (KPI) و ئەو بنەمایانەیە کە سەرکەوتن دیاری دەکەن. بۆ نموونە: بۆ بزنسێک کە لە بواری فرۆشتنی کتێبی ئۆنلایندا کار دەکات و بۆ زیادکردنی فرۆش، پارە لە ڕێکلامدا خەرج دەکات، بێگومان یەکێک لە سەرەکیترین پێوەرەکانی سەرکەوتن بۆ ئەو کەمپەینە، “ڕێژەی زیادبوونی فرۆشی ئۆنلاین”ـە.
ئەو پێوەرانەی بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانت هەڵیان دەبژێریت، بەندە بە ئامانجە ستراتیژییەکان، بەرنامەکان و چەندین فاکتەری تر. ئەگەر بە ڕوونی پێوەرەکانت دیاری نەکەیت، ناتوانیت بە شێوەیەکی کارا هەڵسەنگاندن بۆ بزنسەکەت بکەیت و لە کاتی پێویستدا چاکی بکەیت.
لێرەدا چەند پێوەرێکی گرنگ بۆ هەڵسەنگاندنی کارکردنی بزنس دەخەینە ڕوو:
تێچووی دروستکردنی هەر سەرەداوێک (Lead):
یەکێک لە پێوەرەکانی سەرکەوتن، تێکڕای تێچووی دروستکردنی هەر لیدێک و ڕێژەی گۆڕانی ئەو لیدەیە بۆ کڕیار. بەمەش دەتوانیت تێکڕای تێچووی بەدەستهێنانی هەر کڕیارێکی نوێ ئەژمار بکەیت.
بۆ نموونە: ئەگەر دروستکردنی هەر لیدێکی نوێ ١٠٠ دینار تێچووی هەبێت و ١٠٪ی لیدەکان ببن بە کڕیاری ڕاستەقینە، ئەوا بۆ بەدەستهێنانی هەر کڕیارێکی نوێ دەبێت بە تێکڕا ١٠٠٠ دینار خەرج بکەیت.
تێچووی ڕاکێشانی کڕیاری نوێ (CPA):
تێچووی ڕاکێشانی کڕیار یان CPA پێوەرێکی زۆر گونجاوە بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرکەوتنی بزنس لە بواری مارکێتینگدا. ئەمە دیاری دەکات کە بە تێکڕا بۆ ڕاکێشانی هەر کڕیارێکی نوێ چەندت خەرج کردووە. بە ناسینی کەمترین تێچووی پێویست بۆ گەیشتن بە قازانج، دەتوانیت “گەشەی مارکێتینگی” (Growth Marketing) کە زۆرترین قازانجی هەیە، بەهێزتر بکەیت.
بەهای تەمەنی کڕیار (Customer Lifetime Value):
ئەم پێوەرە بریتییە لە کۆی گشتی ئەو کڕینانەی کە چاوەڕوان دەکرێت کڕیارێک لە درێژایی تەمەنی پەیوەندیی لەگەڵ بزنسەکەتدا ئەنجامی بدات. بەپێی ئەم پێوەرە، بۆ زیادکردنی قازانج مەرج نییە کڕیارەکە هەر لە یەکەم کڕینیدا بڕێکی زۆر پارە خەرج بکات، بەڵکو پێوەرە سەرەکییەکە بڕی کڕینی کڕیارەکەیە لە درێژخایەندا.
بۆ نموونە: ئەگەر تێکڕای تێچووی ڕاکێشانی کڕیارێکی نوێ ١٠٠٠ دینار بێت و بەهای تەمەنی ئەو کڕیارە بە تێکڕا ٥٠٠٠ دینار بێت، بێگومان ئەم بزنسە قازانجێکی باش دەکات. بەڵام ئەگەر بەهای تەمەنی کڕیار تەنیا ١٠٠٠ دینار یان کەمتر بێت، ئەوا بزنسەکە هێشتا نەگەیشتووەتە قۆناغی قازانج.
تێچووی مارکێتینگ (Marketing Cost):
یەکێک لە سەرەکیترین پێوەرەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاستی سەرکەوتنی بزنسێک لە بواری مارکێتینگدا، لێکۆڵینەوەیە لە بڕی تێچووەکان لەم بەشەدا؛ ئەم تێچووانە تەواوی مواردەکانی مارکێتینگی ئۆنلاین و تەقلیدی (سەنعەتی) دەگرێتەوە. بە دەستنیشانکردنی بڕی تێچووی مارکێتینگ لە هەر کەناڵێکدا، دەکرێت ئاستی کارایی و کاریگەریی ئەو کەناڵە هەڵسەنگێندرێت.
ڕێژەی گۆڕان (Conversion Rate):
ڕێژەی گۆڕان بریتییە لە ئاستی گۆڕانی بەردەنگی مەبەست بۆ کڕیارانی وەفاداری بزنسەکە، کە یەکێکە لە بنەڕەتیترین پێوەرەکان بۆ هەڵسەنگاندنی سەرکەوتنی چالاکییە مارکێتینگیەکانی کۆمپانیا. هەرچی ڕێژەی گۆڕان لە بزنسێکدا بەرزتر بێت، بێگومان بڕی فرۆش و قازانجەکەشی زیاتر دەبێت.
سەلماندنی مارکێتینگ (Marketing Attribution):
سەلماندنی مارکێتینگ پرۆسەی دەستنیشانکردنی ئەو خاڵانەیە کە کڕیار تێیدا پەیوەندی بە بزنسەکەوە کردووە لە پڕۆسەی کڕیندا و بەخشینی بەهایە بەو خاڵانە. ئەمە بەو مانایەیە کە لە قۆناغی یەکەمەوە (ڕاکێشانی بەردەنگ) تا قۆناغی کۆتایی (کڕین)، خاڵە بەرکەوتەکان (Touchpoints) دەستنیشان بکەین و کاریگەرترینیان بدۆزینەوە.
بۆ نموونە: وا دابنێ بزنسێک مۆبایل بە ئۆنلاین دەفرۆشێت. بینەرێک بەدوای مۆبایلێکی سامسۆنگدا دەگەڕێت و لە گوگڵدا دەنووسێت “کڕینی مۆبایلی سامسۆنگ مۆدێلی A10”. دەچێتە ناو یەکەم سایت کە دەیبینێت و دوای خوێندنەوەی ناوەرۆکەکە، مۆبایلەکە دەکڕێت. لەم نموونەیەدا، سەرەکیترین هۆکار بۆ ڕاکێشانی کڕیار بریتییە لە SEO و بەرهەمهێنانی ناوەرۆکی گونجاو. کەواتە ئەم بزنسە بە وەبەرهێنان لە بەشی سێئۆ و ناوەرۆکدا دەگات بە داهاتێکی باش.
ناوبانگی برەند (Brand Reputation):
ناوبانگی برەند نیشاندەری هەست و بۆچوونی بەردەنگ و کۆمەڵگەی مەبەستە بەرامبەر بە برەندی بزنسێک، کە دەکرێت کاریگەرییەکی زۆری لەسەر زیادبوونی فرۆش و قازانج هەبێت. ئەو بزنسانەی لە بواری برەندینگدا بە شێوەیەکی گونجاو کاریان کردووە و وێنەیەکی ئەرێنییان لە مێشکی کڕیاردا دروست کردووە، توانایەکی زیاتریان بۆ ڕاکێشانی کڕیار هەیە. تەنانەت ئەم کڕیارانە بەهۆی بۆچوونە باشەکەیان بۆ برەندەکە، بە دۆست و ناسیاوەکانی خۆشیان دەناسێنن. برەندسازیی گونجاو لە درێژخایەندا دەبێتە هۆی زیادبوونی قازانجێکی چاوڕواننەکراو.
خاڵێکی زۆر گرنگ کە دەبێت ئاماژەی پێ بکەین ئەوەیە کە چالاکییەکانی برەندسازی لە سەرەتای کاردا ڕەنگە لە لەچاوی بەڕێوەبەرانەوە وەک تێچوویەکی زیادە دەربکەوێت، بەڵام بە هەبوونی تێبینیەکی درێژخایەن، بێگومان وەبەرهێنان لە بواری برەندسازیدا دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە سەرکەوتنی بزنسەکەدا بگێڕێت.
پرسەکانی پێوانەکردنی ڕێژەی گەڕانەوەی سەرمایەی مارکێتینگ
بە شێوەیەکی گشتی، بۆ ئەژمارکردنی بڕی ROI فۆرمولەیەکی زۆر سادە و کارا بوونی هەیە:
بەپێی ئەم فۆرمولەیە، ئەگەر بزنسێک ١٠ هەزر دینار لە بواری مارکێتینگدا خەرج بکات و لەم ڕێگەیەوە ٢٠ هەزار داهات بەدەست بهێنێت، ئەوا ROIەکەی ١٠٠ لەسەد دەبێت. بەڵام ئەژمارکردنی ڕێژەی گەڕانەوەی سەرمایە بەم سادەییەش نییە و لە کاتی ئەژمارکردنیدا ڕووبەڕووی چەندین پرس و گرفتی جیاواز دەبیتەوە.
بۆچی پێوانەکردنی ڕێژەی گەڕانەوەی سەرمایەی مارکێتینگ قورسە؟
بازاڕگێڕەکان بۆ ئەژمارکردنی بڕی ROI ڕووبەڕووی ئەم پرسانە دەبنەوە:
- دیاریکردنی داهاتی ڕاستەقینە: هەندێک جار قورسە بزانیت کام کڕین بە وردی ئەنجامی کام کەمپەینی مارکێتینگ بووە.
- کاریگەریی درێژخایەن: هەندێک چالاکی وەک “برەندسازی” کاریگەرییەکەیان پاش چەندین ساڵ دەردەکەوێت، نەک ڕاستەوخۆ.
- فاکتەرە دەرەکییەکان: گۆڕانی بارودۆخی ئابووری، وەررزەکان، یان جوڵەی ڕکابەرەکان دەکرێت کاریگەرییان لەسەر داهات هەبێت بەبێ ئەوەی پەیوەندییان بە کەمپەینەکەی تۆوە هەبێت.
- فرەچەشنیی کەناڵەکان: کڕیارێک ڕەنگە سەرەتا لە ئینستاگرام برەندەکەت ببێنێت، پاشان لە گوگڵ گەڕان بکات و لە کۆتاییدا لە ڕێگەی ئیمەیڵێکەوە کڕینەکە بکات؛ دابەشکردنی “قازانج” بەسەر ئەم کەناڵانەدا کارێکی ئاڵۆزە.
یەکێک لە سەرەکیترین پرسەەکان بۆ ئەژمارکردنی وردی ROI، نەبوونی توانای پێوانەکردنی وردی ئەو داهاتەیە کە لە مارکێتینگیەوە لە ماوەیەکی کاتی دیاریکراودا بەدەست دێت. بۆ نموونە: ئەگەر بزنسێک لە ماوەیەکی دیاریکراودا ستراتیژییەکی مارکێتینگ جێبەجێ بکات و دوای ماوەیەک بەڕێوەبەران بەهۆی شیکردنەوەی زانیارییەکانەوە بگەنە ئەو بڕیارەی کە دەبێت گۆڕانکاری لە ستراتیژییەکەدا بکەن، ناتوانرێت بە وردی ئەو داهاتە ئەژمار بکرێت کە تەنیا بەهۆی ئەو “گۆڕانکارییانەوە” بەدەست هاتووە.
بەڵام بۆ ئەژمارکردن و هەڵسەنگاندنی خەمڵێنراوی کارایی پرۆسەی مارکێتینگ، دەبێت ماوەیەکی کاتی دیاریکراو لەبەرچاو بگیرێت. پرسێکی تر کە لە کاتی ئەژمارکردنی ROIدا ڕووبەڕووت دەبێتەوە، دیاریکردنی پێوەرە سەرەکییەکانی داهاتی بزنسەکەیە؛ بۆ نموونە لەم قۆناغەدا ڕەنگە ئەم پرسیارانەت لا دروست بێت:
- ئایا داهاتی گشتی (Gross) لە ئەژمارکردنەکاندا دادەنێیت یان شوێن داهاتی پوختەکراو (Net) دەکەویت؟
- چۆن دەتوانیت ئەژماری بکەیت کە کەمپەینێک، کەناڵێک یان خاڵێکی بەرکەوتە (Touchpoint) بە وردی داهاتی بۆ بزنسەکە چەندبوە؟
- ئاستی کاریگەریی مارکێتینگ لەسەر ناوبانگی برەند کە پێوەرێکی نائاماری و نادیارە، چەندە؟
زۆرێک لە کەمپەینە ڕێکلامییەکان بۆ ماوەیەکی کاتی دیاریکراو (بۆ نموونە چەند مانگێک) جێبەجێ دەکرێن و هەتا کۆتایی هاتنی تەواوی قۆناغەکان، ئەگەری ئەژمارکردنی ڕێژەی گەڕانەوەی سەرمایە بوونی نییە.
هەروەک دەبینن، ئەژمارکردنی ROI بەپێچەوانەی ڕواڵەتە سادەکەی، دەکرێت کێشەی جیاوازی هەبێت و تەنانەت هەندێک لە بازاڕگێڕەکان فۆرمولەی جیاواز بۆ ئەژمارکردنی پێشنیار دەکەن. بۆ نموونە سایتی HubSpot ئەم فۆرمولەیەی خوارەوە بۆ ئەژمارکردنی ڕێژەی گەڕانەوەی سەرمایە دەخاتە ڕوو:
[((ژمارەی لیدەکان×ڕێژەی گۆڕانی لید بۆ کڕیار×ناوگینی نرخی فرۆشتن)) _ تێچووی ڕێکلام)÷ تێچووی ڕێکلام]×١٠٠
لە کاتی ئەژمارکردنی ROIی مارکێتینگدا، دەبێت بڕیار بدەیت کام پێوەر بۆ بزنسەکەی تۆ گرنگیی زیاتری هەیە.
باشترین ڕێگاکان بۆ پێوانەکردنی ڕێژەی گەڕانەوەی سەرمایەی مارکێتینگ
بە لەبەرچاوگرتنی تەحەددی و ئاڵۆزییەکانی ئەژمارکردنی ڕێژەی گەڕانەوەی سەرمایە، لەم بەشەدا باشترین ڕێکار و تێبینییەکانت بۆ دەخەینە ڕوو:
شوێن پێوەرە گونجاوەکان بکەوە:
یەکەم هەنگاو بۆ ئەژمارکردنی ROI، دیاریکردنی ئەو پێوەرە سەرەکییانەیە کە بەها بۆ بزنسەکەت دروست دەکەن. بۆ نموونە، ڕەنگە ئامانجی سەرەکیی بزنسێک لە خەرجکردنی پارە لە مارکێتینگدا، تەنها زیادکردنی ژمارەی فۆڵۆوەر بێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ یان ڕەنگە ئامانجەکە دروستکردنی لیدی نوێ بێت. ئەم دوو بابەتە نیشاندەری دوو پێوەری جیاوازن بۆ هەڵسەنگاندنی سەرکەوتن.
لە تایبەتمەندی مۆدێلەکان (Attribution Models) تێبگە:
بۆ ئەژمارکردنی وردی ڕێژەی گەڕانەوەی سەرمایە، دەبێت تێگەیشتنێکی دروستت لە تایبەتمەندی مۆدێلەکان هەبێت. ئەمە یارمەتیت دەدات ئەو خاڵە گرنگانە بناسیتەوە کە زۆرترین کاریگەرییان لەسەر کڕیاران هەبووە و زۆرترین بینەریان ڕاکێشاوە.
داتا و زانیارییەکان کۆبکەوە:
دوای ناسینی پێوەرە گرنگەکان و تێگەیشتن لە تایبەتمەندی مۆدێلەکان، دەبێت دەست بکەیت بە کۆکردنەوەی داتا. بۆ نموونە ئەگەر دەتەوێت کارایی ستراتیژیی مارکێتینگی PPC هەڵسەنگێنیت، دەبێت زانیاری ورد دەربارەی ژمارەی کلیکەکان، لیدەکان و ڕێژەی گۆڕان (Conversion) کۆبکەیتەوە.
هەڵسەنگاندنی کارکردن لە کورتخایەن و درێژخایەندا:
بۆ هەڵسەنگاندنی ستراتیژییەکی مارکێتینگ دەبێت ئارام بگریت. جگە لە ئەژمارکردنی ROI لە کورتخایەندا، دەبێت بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانیش لەبەرچاو بگریت. هەندێک ستراتیژی ڕێکلامی ڕەنگە خێرا ئەنجامیان هەبێت، بەڵام هەندێکی تر پێویستیان بە کاتە.
بۆ نموونە: سێئۆ (SEO) ستراتیژییەکی درێژخایەنە و ناتوانرێت لە کورتخایەندا چاوەڕێی گەڕانەوەی زۆری سەرمایەی لێ بکرێت، بەڵام هەر ئەم ستراتیژییە لە درێژخایەندا دەکرێت کاریگەرییەکی بێوێنەی لەسەر سەرکەوتنی بزنسەکە هەبێت.
ئەژمارکردنی تەواوی تێچووەکانی مارکێتینگ
لە کاتی ئەژمارکردنی ROIدا، پێویستە هەموو تێچووەکانی مارکێتینگ لەناو هاوکێشەکەدا دابنێیت. بۆ نموونە: ئەگەر کەمپەینێکی دروستکردنی لید لە فەیسبووکدا بەڕێوە دەبەیت، تەنها تێچووی ڕێکلامەکە بەس نییە، بەڵکو دەبێت تێچووی تیمی جێبەجێکار و تێچووی گەشەپێدانی داهێنەرانەی ڕێکلامەکانیش هەژمار بکەیت. تەنها بەم شێوەیە دەتوانیت بگەیتە پێوەرێکی ورد بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەریی ستراتیژییەکەت.
باشترکردنی ڕێژەی گەڕانەوەی سەرمایە (Improving ROI)
لەو بەشەدا چەند ڕێگایەک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ROI دەخەینە ڕوو:
تەرکیز بخەرە سەر داهاتی بزنسەکەت:
یەکێک لە گرنگترین ڕێگاکان بۆ باشترکردنی ROI، زیادکردنی داهاتە؛ بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت تێچووەکانت کەم بکەیتەوە و لە بەرامبەردا “بەهای تەمەنی کڕیار” (LTV) زیاد بکەیت. پێویستە نەخشەی گەشتی کڕیار شیکار بکەیت تا بتوانیت خاڵە بەرکەوتە (Touchpoints) هەستیارەکان بدۆزیتەوە و گەشەیان پێ بدەیت.
بۆ زیادکردنی ڕێژەی گۆڕان (Conversion Rate) تاقیکردنەوە بکە:
بۆ باشترکردنی ROI، دەبێت ڕێژەی گۆڕانی بینەر بۆ کڕیار بەرز بکەیتەوە. دەتوانیت بە شێوازی “تاقیکردنەوە و هەڵە” (Trial and Error) ڕێگای جیاواز تاقی بکەیتەوە تا ئەو خاڵانەی زۆرترین کاریگەرییان لەسەر کڕیار هەیە دەستنیشان بکەیت. بەم کارە تێچووی دروستکردنی لیدی نوێ و تێچووی ڕاکێشانی کڕیار کەم دەبێتەوە و لە ئەنجامدا ROI زیاد دەکات.
تەرکیز بخەرە سەر بەهای درێژخایەن:
بۆ باشترکردنی ڕێژەی گەڕانەوەی سەرمایە، تەرکیز بخەرە سەر ستراتیژییە درێژخایەنەکانی وەک سێئۆ (SEO). هەرچەندە گەیشتن بە ئەنجام لەم ڕێگایانەوە پێویستی بە کات و تێچووی زیاتر هەیە، بەڵام بێگومان لە درێژخایەندا ئەنجامی زۆر باشتریان دەبێت.
بۆ نموونە: ئەگەرچی ڕێکلامە پارەییەکانی گوگڵ (Google Ads) لە کورتخایەندا ئەنجامی باشیان هەیە، بەڵام لە درێژخایەندا ئەنجامەکانیان لەگەڵ جێبەجێکردنی ستراتیژییەکی دروستی سێئۆدا بەراورد ناکرێت.
شوێن KPIیەکان بکەوە (KPI Tracking)
بۆ باشترکردنی ROI، دەبێت بەردەوام پێوەرە سەرەکییەکانی کارکردن (KPIs) هەڵسەنگێنیت تا بتوانیت کارایییان بەرز بکەیتەوە. بۆ نموونە: ئەگەر بزنسەکەت سایتێکی بۆ فرۆشتنی ئۆنلاین هەبێت و لە کاتی هەڵسەنگاندنی لاپەڕەکاندا تێبینی ئەوە بکەیت کە “ڕێژەی جێهێشتن” یان هەمان Bounce Rate لە لاپەڕەیەکی دیاریکراودا زۆر بەرزە و ئەو کاتەی بەکارهێنەران لەو لاپەڕەیەدا بەسەری دەبەن زۆر کەمە، ئەوا ئەگەری زۆرە ناوەرۆکی ئەو لاپەڕەیە بۆ بینەران سەرنجڕاکێش و سوودبەخش نەبێت. ئەم بابەتە دەبێتە هۆی دابەزینی ڕێژەی گۆڕان (Conversion Rate) و زیادبوونی تێچووەکان؛ کەواتە بۆ باشترکردنی نرخى ROI، دەبێت ناوەرۆکی ئەو لاپەڕەیە گەشە پێ بدەیت و باشتری بکەیت.
کۆباس
لەناو ئەم بابەتەدا، بە وردی چەمکی ڕێژەی گەڕانەوەی سەرمایە یان هەمان ROIمان ناساند، کە لە ڕێگەیەوە دەتوانیت کارایی و ئاستی کاریگەریی بزنسێک لە بواری مارکێتینگ یان هەر بوارێکی تردا بە شێوەیەکی ئامانجدار هەڵسەنگێنیت. جگە لەمەش، فۆرمولەی ئەژمارکردنی ئەم پێوەرە بەنرخە، پرسەکانی بەردەم ئەژمارکردن و گرنگترین ڕێگاکانی باشترکردنی ڕێژەی گەڕانەوەی سەرمایەمان ڕوون کردەوە.
هیوادارین ئەم ناوەرۆکە بۆت بەسوود بووبێت و یارمەتیدەرت بێت لە گەشەپێدانی بزنسەکەتدا.



