بە شێوازێکی سەردەمیانە بزنس بکە

| پێشنیارێکی تایبەت و سنووردار

گەڕانی پێشکەوتووی بەرهەمەکان
0
سبد خرید خالی است.
چوونەژوور | ناونووسین
چوونەژوور | ناونووسین

نیچ مارکێتینگ (Niche Marketing) چییە و بە کاری چی دێت؟

ماوەی خوێندنەوە:

14 دقیقه

نیچ مارکێتینگ (Niche Marketing) چییە و بە کاری چی دێت؟

لە جیهانی کێبڕکێی بازرگانی و بزنسە ئۆنلاینەکانی ئەمڕۆدا، ڕکابەری بەهێز لە بوارە جیاوازەکاندا بە پێشکەشکردنی بەرهەمی جۆراوجۆر و کوالێتی بەرز چالاکن، فرۆشتنی بەرهەم و داگیرکردنی بەشێک لە بازاڕی ئامانج کارێکی سەختە. بەڵام چەمکی نیچ مارکێتینگ وەک ستراتیژییەکی گونجاوی مارکێتینگ، دەتوانێت ڕێگایەکی باش بێت بۆ بزنسە بچووک و نوێیەکان و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتیشدا بۆ بزنسە گەورەکان.

ئێمە لەم بابەتەدا باس لە چەمکی نیچ مارکێتینگ لە جیهانی سەرنجڕاکێشی دیجیتاڵ مارکێتینگدا دەکەین؛ وێڕای ناساندنی سوودەکانی ئەم مۆدێلە لە مارکێتینگ، چۆنیەتی داڕشتنی ستراتیژییەکی نیچ مارکێتینگت فێر دەکەین و لە کۆتاییشدا چەند نموونەیەکی پراکتیکی دەخەینە ڕوو.

نیچ مارکێتینگ چییە؟

نیچ مارکێتینگ (Niche Marketing) مۆدێلێکە لە مارکێتینگ کە تێیدا بەڕێوەبەران لەبری داڕشتنی ستراتیژی بۆ تەواوی بازاڕ، تەنها بەشێکی بچووک و دەستنیشانکراو لە بازاڕ دەکەنە ئامانج. لەم ڕێگەیەدا، هەوڵ دەدرێت بەرهەمی تایبەت بۆ کڕیارانی تایبەت و لە بەشێکی سنوورداری بازاڕدا ساغ بکرێتەوە.

بۆ نموونە: لە بازاڕی بێبنی “پۆشاک”دا کە ڕکابەری زۆر بەهێزی تێدایە، بزنسێکی بچووک دەتوانێت بە بەکارهێنانی ستراتیژی نیچ مارکێتینگ، لەبری هەموو بازاڕەکە، تەنها لە بواری “پۆشاکی وەرزشی بۆ کەسانی باڵابەرز”دا کار بکات. بەم شێوەیە مارکێتینگ بۆ ئەم بەشە تەنها بەپێی پێویستی، ویست و ئارەزووەکانی کڕیارانی ئەم بەشە ئەنجام دەدرێت.

ئەمڕۆ لە بازاڕی پڕ لە کێبڕکێی بازرگانیی ئۆنلاین و تەنانەت بازاڕە تەقلیدییەکاندا، کڕیاران لە نێوان ئەو هەموو بەرهەم و خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرانەدا، ئەو جۆرە هەڵدەبژێرن کە زۆرترین گونجانی لەگەڵ پێویستی و ئارەزووەکانیاندا هەیە.

پێوەرە سەرەکییەکان لە نیچ مارکێتینگدا

لە کاتی داڕشتنی ستراتیژی نیچ مارکێتینگدا، دەبێت ئەم پێوەرانەی خوارەوە لە بازاڕ و کڕیارانی مەبەستدا ڕەچاو بکرێن تاکوو باشترین ئەنجام بەدەست بێت:

تایبەتمەندییە دیمۆگرافییەکان: وەک تەمەن، ڕەگەز و باری خێزانیی کڕیارانی ئامانج.

تایبەتمەندییە جوگرافییەکان: شوێنی نیشتەجێبوون و ناوچەی بازاڕی مەبەست.

ئاستی داهات: باری دارایی و بارودۆخی ئابووریی خەڵک لە بازاڕی مەبەستدا.

بواری کار و پیشە: جۆری کار و بزنسەکانی بەردەنگەکان لە بازاڕی مەبەستدا.

شێوازی ژیان: کولتوور، دابونەریت و شێوازی ژیانی خەڵک لە بازاڕی ئامانجدا.

خولیای و کات بەسەربردن: ئەو کایە و کات بەسەربردنە باوانەی لای کڕیارانی مەبەست هەن.

بەها و دژەبەهاکان: ئەو بەهایانەی بەسەر بازاڕی مەبەستدا زاڵن.

بۆنە جیاوازەکان: یاد و بۆنە تایبەتەکانی خەڵک لەو بازاڕەی مەبەستە.

کلتووری باو: ئەو فەرهەنگ و کلتوورەی لە بازاڕی مەبەستدا ڕەنگی داوەتەوە.

گرنگترین سوودەکانی نیچ مارکێتینگ چییە؟

هەرچەندە نیچ مارکێتینگ تەنها بەشێکی بچووکی بازاڕ دەگرێتەوە، بەڵام تەرکیزکردن لەسەر ئەم بەشە بچووکە سوودی تایبەتی خۆی هەیە:

تایبەتمەندبوون و سەرچاوەبوون: بە بەکارهێنانی نیچ مارکێتینگ دەتوانرێت ستراتیژیی مارکێتینگی زۆر پسپۆڕانە بۆ کڕیارانی تایبەت جێبەجێ بکرێت. جگە لەوەش، دەتوانیت براندی بزنسەکەت وەک “سەرچاوە” لەو بەشەی بازاڕدا بناسێنیت. بۆ نموونە ئەگەر فرۆشگایەکی پۆشاک تەنها تەرکیز بخاتە سەر “پۆشاکی جین (Jeans)”، دەتوانێت ببێتە براندێکی ناسراو و شارەزا لەو بوارەدا.

تەعامولی ئاسانتر و قایلکردنی کڕیار: یەکێکی تر لە سوودەکانی ئەوەیە کە بەهۆی تەرکیزکردن لەسەر ژمارەیەکی کەمتری بەردەنگ، ئاسانتر دەتوانیت پەیوەندییان لەگەڵ دروست بکەیت، ڕەزامەندییان بەدەستبهێنیت و لە کۆتاییدا بیانگۆڕیت بۆ کڕیارێکی هەمیشەیی.

تێچووی کەمتر: نیچ مارکێتینگ تێچوویەکی کەمتری بۆ بزنسەکان هەیە؛ چونکە مارکێتینگەکە تەنها لەسەر کڕیارانی ئامانج تەرکیز دەکات و لە ئەنجامدا پرۆسەکە بە ئامانجتر و هەرزانتر دەبێت.

مانەوە لە کێبڕکێ و گونجان لەگەڵ گۆڕانکاری: سوودێکی تری ئەم مۆدێلە ئەوەیە کە بەهۆی پسپۆڕیی لە بەشێکی دیاریکراودا، پاراستنی بازاڕەکەت لە بەرامبەر ڕکابەرە زەبەلاحەکان ئاسانترە. هەروەها ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک لە جۆری بەرهەمەکان یان تەکنەلۆژیادا ڕووبدات، خۆگونجاندن و نوێبوونەوە (Update) زۆر ئاسانتر دەبێت.

 داڕشتنی ستراتیژییەکی سەرکەوتوو لە بواری نیچ مارکێتینگدا

بۆ داڕشتنی ستراتیژییەکی سەرکەوتوو لە بواری نیچ مارکێتینگ و دەستنیشانکردنی بازاڕی مەبەست، دەبێت بایەخ بەم خاڵانەی خوارەوە بدەیت:

 دەستنیشانکردنی خاڵە بەهێزەکان (Identifying Strengths)

لە داڕشتنی ستراتیژیی نیچ مارکێتینگدا، ناسینی خاڵە بەهێزەکان کارێکی یەکجار گرنگە. هەر بزنسێک لە بواری چالاکیی خۆیدا، لە لقێکی تایبەتدا لەچاو ڕکابەرەکانی باڵادەستە و بە جۆرێک ئەم باڵادەستییە بە “سوودی ڕکابەری” (Competitive Advantage)ی ئەو بزنسە ئەژمار دەکرێت. بەڕێوەبەرانی بزنسەکان دەبێت لە کاتی شیکردنەوەی کارەکانیاندا، ئەو لایەنانە بدۆزنەوە کە تێیدا لە بەشەکانی تر سەرکەوتووترن و فرۆشیان تێیدا زۆرترە، تاکوو لە کاتی داڕشتنی ستراتیژیی نیچ مارکێتینگدا تەرکیزی بخەنە سەر.

بۆ نموونە: بزنسێکی چالاک لە بواری گەشتیاری (Tourism) لەبەرچاو بگرە کە خزمەتگوزاری جۆراوجۆری وەک بڕینی تیکتی فڕۆکە، شەمەندەفەر، پاس، ڕیزەرڤکردنی ئوتێل و گەشتی کات بەسەربردن پێشکەش دەکات. ئەگەر بەڕێوەبەرانی ئەم بزنسە دوای لێکۆڵینەوە تێبینی ئەوە بکەن کە کۆمپانیاکەیان لە بواری “فرۆشتن و ڕیزەرڤکردنی تیکتی فڕۆکە”دا قازانجێکی زۆرتر بەدەست دەهێنێت، ئەوا دەبێت لە کاتی داڕشتنی ستراتیژییەکانی مارکێتینگ و پەرەپێدانی کۆمپانیاکەدا، بایەخێکی تایبەت بەم بابەتە بدەن و وەک “نیچ”ێکی سەرەکی کاری لەسەر بکەن.

 پشکنینی ئەو بەرهەم و خزمەتگوزارییانەی لەلایەن بزنسەکەوە پێشکەش دەکرێن

یەکێک لەو بابەتانەی کە دەبێت بە وردی و وردبینییەوە بۆ داڕشتنی ستراتیژی نیچ مارکێتینگ پشکنینی بۆ بکرێت، ئەو خزمەتگوزاری و بەرهەمانەن کە لەلایەن بزنسەکەوە پێشکەش بە کڕیاران دەکرێن. بە شیکردنەوەی ئەم خزمەتگوزارییانە و شێوازی پێشکەشکردنیان، دەتوانرێت بگەیتە ڕێگەی نوێ بۆ خزمەتکردنی کڕیاران.

 ئەنجامدانی توێژینەوە لە بواری بازاڕی ئامانجدا

یەکێک لەو خاڵانەی کە دەبێت لە کاتی داڕشتنی ستراتیژی نیچ مارکێتینگدا بە وردی لێی بکۆڵرێتەوە، ئەو بازاڕە مەبەستەیە کە بەتەمایت چالاکیت هەبێت و تەرکیزی بخەیتە سەر. دەبێت بە لێکۆڵینەوە لە دۆخی گشتیی ئەو بوارە، بزانیت ئایا بیرۆکەی تەرکیزکردن لەسەر ئەو لقە تایبەتەی بازاڕ دەبێتە هۆی قازانج یان ئەو بەشە شایەنی وەبەرهێنان نییە.

بۆ پشکنینی بازاڕی مەبەست لە بواری ئۆنڵایندا، دەتوانیت سوود لە ئامرازەکانی وەک Google Keyword Planner و Google Trends و ئامرازەکانی تری گەڕان لە گووگڵ وەربگریت، تا بزانیت بەکارهێنەران تا چ ئاستێک لەو بوارە دیاریکراوەدا بەدوای بەرهەم و خزمەتگوزارییەکاندا دەگەڕێن.

ڕێگەیەکی تر بۆ پشکنینی بازاڕ، شیکردنەوەی کارەکانی ڕکابەرەکانە لەو بوارەدا. بۆ ئەم مەبەستە دەبێت سەرنج و فیدباکەکانی کڕیارانی ڕکابەرەکانت بپشکنیت؛ خاڵە بەهێزەکان و ئەو سوودانەی کە بوونەتە هۆی ڕاکێشانی کڕیارەکانیان بدۆزیتەوە. هەروەها خاڵە لاوازەکانیان و هۆکارەکانی ناڕەزایەتی کڕیارەکانیان دەستنیشان بکەیت و ئەم خاڵە لاوازانە وەک دەرفەتێک بۆ ڕاکێشانی کڕیارەکانی ئەوان بۆ لای خۆت بەکاربهێنیت.

خاڵێکی گرنگ: ئەگەر لە بوارێکی دیاریکراوی بازاڕدا هیچ کێبڕکێیەک بوونی نەبوو، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو بوارە بەپێی پێویست قازانجی تێدا نەبێت و سەرنجڕاکێش نەبێت بۆ وەبەرهێنان؛ بەڵام لە لایەکی تریشەوە، دەبێت بایەخ بەوە بدرێت کە چالاکی لە بازاڕێکی کەم کێبڕکێدا بە واتای هەلی زیاترە بۆ سەرکەوتن لەو بوارەدا.

 ناسینی کڕیارانی مەبەست(Target Audience Identification)

یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان لە هەموو جۆرەکانی مارکێتینگدا، ناسینی خواست، پێویستی و ئارەزووەکانی کڕیارانی مەبەستە؛ ئەم بابەتە لە نیچ مارکێتینگیشدا وەک یەکێک لە لقەکانی دیجیتاڵ مارکێتینگ بایەخێکی زۆری هەیە. بەهۆی ئەوەی لە نیچ مارکێتینگدا تەرکیز دەخرێتە سەر بوارێکی دیاریکراوی بازاڕ و بەردەنگەکان، دەتوانرێت وێنەیەکی ڕوونتر و وردتر بۆ کڕیارانی مەبەست بکێشرێت و بەپێی ئەو ناسینە ڕەفتار بکرێت.

بۆ لێکۆڵینەوە لە کڕیارانی ئامانج، دەتوانرێت کارەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و وێبلاگەکاندا شیکاری بکرێت، یان سەرنجی ئەو کەسانە بەرامبەر بە ڕکابەرەکان بپشکنرێت و تەنانەت لە کاتی پێویستدا ڕاستەوخۆ ڕایان وەربگیرێت. بە ناسینی کڕیارانی ئامانج و پشکنینی خواستەکانیان، ئەگەری هەیە ئەو وێنە سەرەتاییەی لە مێشکتدا بۆ ئەم کڕیارە ئەگەرییانە هەبووە، بە تەواوی بگۆڕێت.

 هەڵبژاردنی کەناڵە گونجاوەکانی مارکێتینگ

یەکێک لە گرنگترین خاڵەکان لە نیچ مارکێتینگدا، هەڵبژاردنی کەناڵی گونجاوە بۆ پەیوەندی و تەعامول لەگەڵ کڕیاران. گرنگترین کەناڵەکان بریتین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سایتەکان و تەنانەت وێبلاگە پسپۆڕییەکان کە دەبێت بەپێی بواری چالاکیی بزنسەکە سوودیان لێ وەربگیرێت. بۆ نموونە: بزنسێکی چالاک لە بواری گەشتیاریدا دەتوانێت لە ڕێگەی دیزاینکردنی سایتێکی سەرنجڕاکێش و کارکردن لەسەر سێئۆ (SEO) و جێبەجێکردنی ستراتیژییەکانی دیجیتاڵ مارکێتینگ، پەیوەندی لەگەڵ بەردەنگەئامانجەکان دروست بکات و هاوکات لە تۆڕەکانی وەک واتساپ و تێلیگرامیشدا چالاک بێت.

جیا لە کەناڵە ڕیکلامییەکان، یەکێک لەو شتانەی دەبێتە هۆی ڕاکێشانی زیاتری کڕیار، ڕیکلامی زارەکی (Word of Mouth)یە لەلایەن کڕیارە هەمیشەییەکان؛ چونکە خەڵکی ئاسایی زیاتر دەکەونە ژێر کاریگەریی قسە و ڕای دەوروبەریان دەربارەی بەرهەمێک یان براندێکی تایبەت. بە سەرنجدان بەم بابەتە، دەتوانیت لە کڕیارەکانت داوا بکەیت کە پۆست و ناوەڕۆکی پەیوەندیدار بە بزنسەکەت لەگەڵ هاوڕێکانیاندا هاوبەشی (Share) بکەن. ئینفلوێنسەرەکانیش دەتوانن ڕێگەیەکی ڕیکلامی بن بۆ ناساندنی بەرهەمەکان، چونکە کاریگەرییەکی زۆر لە سەر هەوادارەکانیان دادەنێن.

بەکارهێنانی کەناڵە جیاوازەکان لەسەر بنەمای ستراتیژییەکی مارکێتینگی کاریگەر بۆ تەعامول لەگەڵ کڕیاران زۆر پێویستە، بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانیت هاوکاری لەو کۆمپانیایانە وەربگریت کە لە بواری دیجیتاڵ مارکێتینگدا چالاکن.

 کۆمپانیای Freelancer at Work:

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا و زیادبوونی ژمارەی فریلانسەرەکان لە بواری دیجیتاڵدا، کارکردن لە دوورەوە (Remote Work) لە ساڵانی ڕابردوودا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە. زۆرێک لە خاوەنکارەکان ڕێگە بە کارمەندەکانیان دەدەن لایەنی کەم چەند ڕۆژێک لە هەفتەدا لە ماڵەوە کار بکەن، کە ئامرازی سەرەکیی زۆربەی ئەم کەسانە “لاپتۆپ”ە. بزنسی Freelancer at Work بە تەرکیزکردن لەسەر ئەم بابەتە، دەستی کرد بە دیزاینکردن و فرۆشتنی پۆستەری بچووک (ستیکەر) کە لەسەر پشتی لاپتۆپەکان دەلکێنرێن. لە ڕێگەی ئەم ستیکەرانەوە، فریلانسەرەکان دەتوانن توانا، پسپۆڕی و بواری خزمەتگوزارییەکانی خۆیان نیشان بدەن و بەم شێوەیە ڕیکلامێکی هەرزان بۆ کارەکانیان بکەن!

بیرۆکەی لکاندنی ستیکەر لەسەر لاپتۆپ بۆ ناساندنی جۆری کار، لە تێڕوانینی یەکەمدا بازاڕێکی زۆر سنووردار و کڕیارێکی کەم دەردەکەوێت، بەڵام تەرکیزکردن لەسەر ئەم خاڵە زۆر تایبەتە، نموونەیەکی سەرنجڕاکێشی نیچ مارکێتینگە.

فرۆشگای دەستەچەپەکان (Lefty’s San Francisco):

نموونەیەکی سەرنجڕاکێشی تر، فرۆشگای دەستەچەپەکانە لە سان فرانسیسکۆی ئەمریکا. ئەم فرۆشگایە هەم بە شێوەی فیزیکی و هەم بە شێوەی ئۆنڵاین چالاکە. بە تەرکیزکردن لەسەر پێویستییەکانی کەسانی چەپ دەست لە کۆمەڵگەدا (کە ژمارەیەکی زۆر نین)، بەرهەمی وەک پێنوس، دەفتەری تێبینیی تایبەت بە دەستەچەپەکان و تەنانەت تی-شێرتی تایبەت بە ناساندنی ئەو کەسانە دەفرۆشێت.

کۆمپانیای Glorious PC Gaming Race:

ئەمە براندێکی چالاکە لە بواری پێشکەشکردنی ڕەقەواڵە(هاردوێر)ی یاری بۆ گەیمەرەکان، وەک کیبۆرد، ماوس، هێدفۆن و ئامرازەکانی تری یارییە کۆمپیوتەرییەکان. ئەم کۆمپانیایە بە تەرکیزکردن لەسەر ئەم بوارە تایبەتە لەناو بازاڕی گەورەی پیشەسازیی ڕەقەواڵەدا(هاردوێر) و جێبەجێکردنی ستراتیژی نیچ مارکێتینگ، توانیویەتی بگاتە قازانجێکی زۆر.

 فرۆشگای کەلوپەلی یاریی Vermont Wooden:

فرۆشگای Vermont Wooden یەکێکە لە فرۆشگا دێرین و بەئەزموونەکان لە بواری فرۆشتنی یاریی منداڵان، کە بە تایبەتی تەرکیزی خستووەتە سەر یارییە دارینەکان. ئەم فرۆشگایە بە پێشکەشکردنی بەرهەمی کوالێتی بەرز و جۆراوجۆری دارین بە کڕیارەکانی، توانیویەتی لە فرۆشتند بگاتە ئاستێکی باش. هەرچەندە ئەم براندە لە بواری دیجیتاڵ مارکێتینگدا ستراتیژییەکی ئەوتۆی نییە، بەڵام تەنها بەهۆی تەرکیزکردن لەسەر جۆرێکی دیاریکراوی بەرهەم (یاری دارین) و دابینکردنی کوالێتییەکی بەرز، توانیویەتی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت.

فەیسبووک (Facebook):

فەیسبووک وەک یەکێک لە گەورەترین و پڕبینەرترین تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئاستی جیهان، لە سەرەتای کارەکەیدا بە شێوەیەکی زۆر سنووردار تەنها خزمەتگوزاریی بە خوێندکارانی زانکۆی هارڤارد پێشکەش دەکرد. دوای ئەوە پەرەی بە چالاکییەکانی دا بۆ هەموو زانکۆکانی ئەمریکا و لە قۆناغی کۆتاییدا بوو بە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی گشتگیر لە هەموو جیهاندا. فەیسبووک نموونەیەکی ناوازەی ئەو بزنسانەیە کە سەرەتای کارەکەیان بە تەرکیزکردن لەسەر بەشێکی زۆر بچووکی بەردەنگەکان دەست پێکرد و وردە وردە مەودای چالاکییەکانیان فراوان کرد.

کۆباس

لەم بابەتەدا تیشکمان خستە سەر بابەتی نیچ مارکێتینگ و وێڕای پێناسی ئەم مۆدێلە لە مارکێتینگ، سوودەکانیمان باس کرد و چەند نموونەیەکی زیندووی نیچ مارکێتینگمان پێ ناساندن. هیوادارین ئەم زانیارییانە ڕێگ ەخۆشکەر بن بۆ دەستپێکردنی بزنسە تایبەتەکەت.

دەربارەی نووسەر
نووسەر
hemin sharifnia
ڕاوبۆچوونی خوێنەران
هیچ ڕاوبۆچوونێک تۆمار نەکراوە
هیچ ڕایەک بۆ ئەم بابەتە تۆمار نەکراوە. تۆ ببە بە یەکەم کەس کە ڕای خۆت دەنووسێت.
تۆمارکردنی ڕا

لێرە بگەڕێ...

نوێترین بەرهەمەکان

Google Ads Fundamentals Course
دۆلار
100
Google Analytics Course
دۆلار
100
Google Tag Manager Course
دۆلار
100
Looker Studio Course
دۆلار
100
The digital marketing crash course
دۆلار
100
E-commerce Marketing Course
دۆلار
100

شایەنی بینین