ئەگەر بەتەمایت بزنسێکی نوێ دەست پێ بکەیت یان لەو بزنسەی ئێستاتدا سەرکەوتنی زیاتر بەدەست بهێنیت، دەبێت ئامانج و بەرنامەی دیاریکراوت هەبێت. هەبوونی بزنس پلان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە گرنگییەکی زۆری هەیە. بەڵام بزنس پلان چییە؟ چۆن دەنووسرێت؟ ئێمە لەم وتارەدا وەڵامی ئەم پرسیارانە دەدەینەوە. کەواتە لەگەڵمان بەردەوام بن.
ئەوانەی لەم وتارەدا دەیانخوێنیتەوە:
لە سەرەتادا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە باشترە ئەو بیرۆکەیە لە مێشکت دەربکەیت کە دەڵێت بزنس پلان دەبێت دۆسیەیەکی فەرمی و زۆر درێژ بێت. لە ئێستادا بزنس پلان چیتر تەنها دۆسیەیەکی دەستنووسی کۆن نییە. بێگومان زۆربەی بزنسەکان بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن پێویستیان بە بزنس پلانێکی باش هەیە، بەڵام تەنها ژمارەیەکی کەمیان پێویستیان بەو جۆرە فەرمی و “دۆسیە ئاسایە” دەبێت. زۆرتر ئەو بزنسانە پێویستیان پێیەتی کە دەیانەوێت بەرنامەکانیان بۆوەبەرهێنەران (Investors) ڕوون بکەنەوە.
لە لایەکی ترەوە، زۆربەمان پێویستمان بەبزنس پلانێکی مۆدێرن هەیە کە زیاتر بەکارهێنانی ناوخۆیی هەبێت و بە شێوەی تیتر و لیست، پلان و بەرنامەکانمان لەخۆ بگرێت. جێگەی ئاماژەیە کە بزنسە سەرکەوتووەکان هەمیشە بەرنامەکانیان نوێ (Update) دەکەنەوە. سوودی سەرەکی بزنس پلانە مۆدێرنەکان ئەوەیە کە پلاندانان سادەتر دەکەن و چیتر کەس لە کات تەرخانکردن بۆی ناترسێت. تۆ دەتوانیت بە شێوەیەکی زۆر سادە دەست پێ بکەیت و هەنگاو بە هەنگاو لە ئامانجەکانت نزیک ببیتەوە. لەم دۆخەدا تەنها ئەو کارانە ئەنجام دەدەیت کە لە خزمەت ئامانجەکانی بزنسەکەتدان.
جگە لەوەش، تەنانەت ئەو کەسانەی کە دەبێت دۆسیەیەکی فەرمی بۆ بزنس پلان پێکبهێنن، شێوازی کارەکەیان لە ئێستادا بەراورد بە ڕابردوو زۆر ئاسانتر بووە. ئەمڕۆ بزنس پلانەکان سادەتر و کورتترن لە هەموو کاتێک. ئەو سەردەمە بەسەرچوو کە دەبوو لە ٣٠ تا ٤٠ لاپەڕەدا باسی بەرنامەکانمان بکەین.
بزنس پلان بەرنامەیەکە کە پێت دەڵێت دەبێت بزنسەکەت چۆن کار بکات تاکوو بۆت سەرکەوتوو بێت. لە ڕاستیدا بە کورتترین و سادەترین شێوە دەتوانین بڵێین بزنس پلان ڕێبەر و نەخشە ڕێگای بزنسەکەتە. لەم بەرنامەیەدا تۆ ئامانجەکانت دیاری دەکەیت و پلانێک بۆ گەیشتن پێیان دادەڕێژیت.
پێش هەر شتێک دەبێت بزانیت کە نابێت بەرنامەکەت زۆر درێژ بێت. ئەگەر دەتەوێت بە شێوەیەکی مۆدێرن کار بکەیت، باشترە لە قاڵبی تیتر و خاڵبەندی بینووسیت کە تەرکیز بخاتە سەر ستراتیژی، تاکتیکەکان، وێستگە گرنگەکانی سەرکەوتن (Milestones)، ئامانجەکان، بەرپرسیارێتییەکان و پلانە داراییە بنەڕەتییەکان. نەختینەیی، مووچە و تێچووەکان ئەو شتە گرنگانەن کە دەبێت ڕەچاویان بکەیت.
لە هەر بارودۆخێکدا بیت، گرنگترین پێکهاتەی پلاندانان لە بزنسدا، دیاریکردنی کاتێکە بۆپێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی دووبارەی دۆخەکە. دەبێت کاتێک تەرخان بکەن بۆ ئەوەی ببینن پلانەکەتان تا چەند کاریگەر بووە لە نزیکبوونەوە لە ئامانجەکانتان. بۆ نموونە باشترە ڕۆژێکی دیاریکراو لە هەر مانگێکدا بۆ ئەم کارە دابنێن. لەم کاتەدا دەتوانن ئاستی پێشکەوتن و خاڵە وەرچەرخانەکانی کارەکەتان بپشکنن. هەروەها دەبێت دۆخی ئێستا لەگەڵ پلانە داراییەکەتاندا بگونجێنن. بزنس پلانێکی ڕاستەقینە هیچ کاتێک بە تەواوی بێ کەموکوڕی نییە؛ کەواتە دەبێت بەردەوام پێداچوونەوەی بۆ بکەیت.
کێ پێویستی بە بزنس پلان هەیە؟
ئەگەر تەنها بەتەمایت لە ڕێگەی هەندێک کاری فریلانس (Freelance)ەوە داهاتت دەست بکەوێت، دەتوانیت چاوپۆشی لە بزنس پلان بکەیت. بەڵام ئەگەر ئامانجی گەورەت هەیە و دەتەوێت کات، سەرچاوە و تێچووی زۆر بۆ مەبەستەکانت خەرج بکەیت و کارەکەت پێویستی بە هەوڵێکی زۆر هەیە، ئەوا پێویستت بە بزنس پلان دەبێت.
ئەگەر لە دەستپێکردن و بەڕێوەبردنی بزنسەکەتدا پێداگریت، دەبێت بزنس پلان وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی گەیشتن بە سەرکەوتندا ببینی. بەداخەوە زۆرێک لە خەڵکی وا تێدەگەن کە ئەم پلانانە تەنها بۆ سەرەتای کار و دەستپێکی بزنسەکانن. بەڵام دەبێت بزانیت کە ئەم بابەتە بۆتەواوی قۆناغەکانی کار پێویستە و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دیاریکردنی ستراتیژی بەڕێوەبردنی کاروبارتدا. گرنگ نییە دەتەوێت قەرز وەربگریت یان وەبەرهێنەری نوێ ڕابکێشیت، لە هەموو بارێکدا بزنس پلان پڕبایەخە. تەنانەت ئەو بزنسانەی کۆنیشن دەبێت بایەخ بەم بابەتە بدەن و پلانێکی گونجاو دابڕێژن. هەروەها نوێکردنەوەی پلانەکەش گرنگە، چونکە بارودۆخ بەردەوام لە گۆڕاندایە و ڕەنگە دەرفەتی نوێت بۆ بێتە پێش.
هەر بزنسێک ئامانجی کورتخایەن، درێژخایەن، ئامانجی فرۆشتن، تێچوو و مووچەیەکی تایبەتی هەیە. بزنس پلان هەموو ئەمانە لەخۆ دەگرێت. چ خەریکی دامەزراندنی ستارتاپێک بیت یان خاوەنی کۆمپانیایەک بیت کە ١٠ ساڵ ئەزموونی کارکردنی هەیە، بزنس پلان دەتوانێت یارمەتیت بدات.
یەکێک لە گرنگترین سیناریۆکان پەیوەندی بە ستارتاپەکانەوە هەیە. لەم بارودۆخەدا، بەرنامەی کار یارمەتی دامەزرێنەر دەدات کە بتوانێت لە تێچووی زیادە دوور بکەوێتەوە و وزەکەی بۆ بەشە گرنگترەکان تەرخان بکات. پلاندانان بۆ فرۆشتن، گرنگیدان بە تێچووەکان، مووچە، وێستگە گرنگەکان (Milestones) و ئەرکە سەرەکییەکان، لەو بابەتانەن کە دەبێت لەم بەرنامەیەدا بایەخیان پێ بدرێت.
پێویستیی تۆ بۆ بزنس پلان ڕێک لەو کاتەدا دەردەکەوێت کە تێدەگەیت نازانیت چەندە پارەت پێویستە و کەی بڕیارە پێویستت بەو پارەیە بێت. بەبێ پلاندانان بۆ بەڕێوەبردنی بڕی فرۆشتن، تێچووەکان و خشتەی کاتیی پارەدان، ناگەیت بە هیچ کوێ. ئەم خاڵە دەبێت لەلایەن هەموو ستارتاپەکانەوە ڕەچاو بکرێت. جیاوازی نییە دەتەوێت وەبەرهێنەر، بانک، هاوڕێیان یان خێزانەکەت قایل بکەیت بۆ وەرگرتنی پارە؛ لە هەر بارێکدا دەبێت بەرنامەیەکی تەواوت هەبێت تاکوو سەرنجی لایەنی بەرامبەر ڕابکێشیت. ئینجا دەتوانیت چاوەڕێی ئەوە لە کەسانی تر بکەیت کە سەرکێشی بە سەرمایەکەیانەوە بکەن.
لەم دۆخەدا، بزنس پلان زیاتر تەرکیز دەخاتە سەر ئەوەی کە بزنسە پێشنیارکراوەکە بڕیارە چی بکات. چۆنیەتی گەیشتن بە ئامانجەکان و لەوەش گرنگتر، قایلکردنی کەسانی تر بۆ ئەوەی وەک تیمێکی جێگەی متمانە سەیری ئێوە بکەن، بایەخێکی زۆری هەیە.
هەموو پلانەکان تەنها بۆ ستارتاپەکان نین؛ بەڵکو هەندێکیان بۆ بزنسە کۆن و خاوەن ئەزموونەکانیش بەکاردێن. ئەم بزنسانە دەتوانن ئەم بزنس پلانە بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی دروستی کاروباریان بەکاربهێنن. بەکارهێنانی ئەم بەرنامەیە تەنها کورت نابێتەوە لە گۆڕینی ڕوانگەی کورتخایەن و سوودوەرگرتن لە دەرفەتە نوێیەکان. لە ڕاستیدا، ئەم بزنس پلانە، بۆ نوێکردنەوەی هێز و بەدەستهێنانی سەرکەوتنی نوێ بەکاردێت.
بەڕێوەبردنی ئامانجەکان و بەرپرسیارێتییەکان، دیاریکردنی پێوەر و پێوانەی نوێ، هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکان، بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان و پلاندانان بۆ بەکارهێنانیان لەپاڵ گرنگیدان بە نەختینەیی (Cash Flow)، ئەو خاڵە گرنگانەن لە بزنس پلاندا کە بۆ بزنسە دێرینەکان بایەخێکی زۆریان هەیە. بێگومان پلاندانان بۆ پێداچوونەوە و پشکنینی ڕێکوپێکی پلانەکەش دەبێت ڕەچاو بکرێت.
بزنس پلان بۆ بزنسە خاوەن ئەزموونەکان دەتوانێت زۆر پێویست بێت. ئایا دەزانیت ئەو بزنسانەی ئەم پلانانە بەکاردەهێنن،٣٠٪ خێراتر گەشە دەکەن؟ ئەم ئەنجامانە بەرهەمی توێژینەوەکانی پڕۆفیسۆرئەندرۆ بۆرک (Andrew Burke)، بەڕێوەبەری دامەزرێنەری سەنتەری Bettany بۆ کارسازییە.
سەرنج بدە کە بزنس پلانەکان ئامانجی جیاواز دەپێکن؛ لەبەر ئەوە جۆری جۆراوجۆر لەم پلانانە بوونیان هەیە کە دەتوانیت بەپێی پێویستییەکەت سوودیان لێ وەربگریت. پێش دەستکردن بە داڕشتنی بزنس پلان، دەبێت بیر لەوە بکەیتەوە کە بینەری ئامانجی تۆ کێیە و چ ئامانجێکت لەبەرچاوە. هەرچەندە پێکهاتەکانی وەک “پێشبینی فرۆشتن” و “ستراتژیی مارکێتینگ” لە هەموو جۆرەکاندا هاوبەشن، بەڵام بە گشتی ئەم پلانانە دیزاینکردنیان بەندە بە بەردەنگ و جۆری بزنسەکەتەوە.
بۆ نموونە ئەگەر تۆ خەریکی داڕشتنی پلانێک بیت بۆ کۆمپانیایەک لە بواری بایۆتەکنەلۆژیادا، بەرنامەکەت وردەکاریی زۆری دەربارەی دەسەڵاتی حکومەت و ڕەزامەندییەکان تێدایە. بەڵام ئەگەر هەمان پلان بۆ ڕێستۆرانتێک بنووسیت، فاکتەرەکانی وەک نۆژەنکردنەوە و شوێنی جوگرافی بایەخێکی زۆریان دەبێت. هەروەها شێوازی نووسینت لە پلانی بایۆتەکنەلۆژیاکەدا زۆر تەکنیکیتر دەبێت وەک لەوەی ڕێستۆرانتەکە. بزنس پلانەکان لە ڕووی درێژی، وردەکاری و شێوازی پێشکەشکردنیشەوە جیاوازن. ئەو پلانانەی کە بڕیار نییە لە دەرەوەی کۆمپانیا نیشان بدرێن، زۆرتر پەیوەندییان بە پلاندانانی ستراتیژیی ناوخۆیی و بەڕێوەبردنەوە هەیە و بە زمانێکی سادەتر دەردەبڕدرێن. لە درێژەدا سێ جۆری باوی بزنس پلان دەناسێنین.
پلانی یەک لاپەڕەیی ڕێک ئەو شتەیە کە لە ناوەکەیەوە دیارە؛ کورتەیەکی یەک لاپەڕەییە لە بەرنامەکانی بزنسەکەت. مەبەستمان ئەوە نییە کە لەم لاپەڕەیەدا فۆنتی نووسینەکە زۆر بچووک بێت و دەقەکە پڕ بێت لە زانیاری ئاڵۆز، بەڵکو دەبێت بە زمانێکی تەواو سادە و پوخت باسی زانیارییە وردەکان بکات.
بزنس پلانی یەک لاپەڕەیی دەکرێت بۆ دوو ئامانج بەکاربێت:
١.ناساندنی بزنس بە کەسانی تر: وەک وەبەرهێنەران. لەبەر ئەوەی وەبەرهێنەران زۆربەی کات کاتی زۆریان نییە، ئەم جۆرە کورتەیە دەتوانێت کارەکەیان بۆ سادە بکاتەوە. بێگومان لە قۆناغەکانی دواتردا دەبێت بچیتە ناو وردەکارییەکانەوە، بەڵام بۆ سەرەتای کار دەتوانیت بەم پلانی یەک لاپەڕەییە دەست پێ بکەیت.
٢.بۆ بزنسە نوێیەکان: ئەم پلانە سادەیە بۆ ئەو بزنسانەی لە قۆناغی سەرەتاییدان زۆر گونجاوە. لەم دۆخەدا تۆ دەتوانیت بیرۆکە گشتییەکەی بزنسەکەت لە یەک لاپەڕەدا کورت بکەیتەوە و ئاسانتر هەڵسەنگاندنی بۆ بکەیت.
بزنس پلانێکی بێ پاشەرۆک بەراورد بە پلانی یەک لاپەڕەیی، وردەکاری و زانیاری دارایی زیاتری تێدایە، بەڵام وەک جۆرە تەقلیدییەکان درێژ و بێزارکەر نییە. ئەم جۆرە بەرنامانە زۆربەی کات وەک ئامرازێک بۆ داڕشتنی ستراتیژی و گەشەپێدانی بزنسەکە بەکاردێن. لە ڕاستیدا، بزنس پلانی ناب ئەو بەشانەی تێدا نییە کە تەنها بۆ پێشکەشکردنی فەرمی بە بانکەکان یان وەبەرهێنەران پێویستن. تەرکیزی سەرەکی ئەم پلانە بە تایبەتی لەسەرستراتژیی بزنس، تاکتیکەکان، وێستگە گرنگەکان، پێوەرەکان، مووچە و پێشبینییەکانە. لەم جۆرە پلانەدا بەشەکانی پەیوەست بە مێژووی کۆمپانیا یان تیمی بەڕێوەبردن نابینیت، چونکە فەرمانبەرانی ناوخۆ خۆیان ئەم زانیارییانە دەزانن.
لە سادەترین شێوەی بزنس پلانی بێ پاشەرۆکدا، تیترە جیاوازەکان بەکاردێن و ستراتیژی، تاکتیک و ئەرکە دیاریکراوەکانی تێدا پێناسە دەکرێت. هەروەها زانیارییەکانی وەک فرۆشی پێشبینیکراو، تێچووەکان و نەختینەیی بایەخیان پێ دەدرێت.
ئەم جۆرە پلانانە زۆربەی کات لە١٠ لاپەڕەدا دەنووسرێن. بێگومان پێویست ناکات هەموو بەشەکان چاپ بکەیت؛ تەنها ئەو بڕگانەی پێویستن پرینت دەکرێن و ئەوانی تر دەکرێت لەناو کۆمپیوتەردا پارێزراو بن. هەوڵ بدە مانگی جارێک پێداچوونەوە بۆ بەرنامەکەت بکەیت. یەکەم جار کە ئەم کارە دەکەیت ڕەنگە چەند کاتژمێرێکی بوێت، بەڵام لە مانگەکانی دواتردا تەنها یەک بۆ دوو کاتژمێر کاتت لێ دەگرێت. بزنس پلانی پاشەرۆک ئامرازێکی نایابە بۆ بەڕێوەبردن و ئاراستەکردنی ستارتاپەکان و کۆمپانیا دێرینەکان و یارمەتی گەشەکردنیان دەدات. لە ڕاستیدا، ئەم پلانانە بڕیاردان بۆ بەڕێوەبەران سادەتر دەکەن و دەرفەتی گەیشتن بە ئامانجەکان دەرەخسێنن.
بزنس پلانی دەرەکی لە ڕاستیدا بەرنامەیەکی فەرمییە و ئەو زانیارییانە لەخۆ دەگرێت کە بۆ کەسانی دەرەوەی کۆمپانیا بەکاردێن. ئەم جۆرە پلانانە زۆرتر بۆ قایلکردنی وەبەرهێنەران بەکاردێن تاکوو سەرمایەکانیان لە کۆمپانیاکەدا خەرج بکەن. هەروەها بۆ وەرگرتنی قەرزی بانکیش سوودیان لێ وەردەگیرێت.
خراپ نییە ئاماژە بەوەش بکەین کە ئەم جۆرە بەرنامەیە بۆ دامەزراندن و ڕاهێنانی هێزی کاری نوێش بەکاردێت، بەڵام بەکارهێنانی بۆ ئەم مەبەستانە ئەوەندە باو نییە. دۆسیەیەکی بزنس پلانی فەرمی، وەشانێکی درێژترە لە پلانە ناوخۆیی و “بێ پاشەرۆکە”کان. ئەم جۆرە پلانانە دەبێت بە شێوەیەک ئامادە بکرێن کە گونجاو بن بۆ پێشکەشکردنێکی (Presentation) نایاب و بتوانن بە زمانە فەرمییەکەیان، سەرنجی لایەنە دەرەکییەکان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن.
جگە لەمانەش، دەبێت بزنس پلانێکی دەرەکی ئاماژە بە چۆنیەتی خەرجکردنی سەرمایەکان بکات؛ چونکە وەبەرهێنەران بێ ئەوەی قایل بن، ئامادە نین هیچ تێچوویەک بگرنە ئەستۆ. لەبەر ئەوە، دەبێت بزانن پارەکەیان لە چ پێناوێکدا خەرج دەکرێت و بڕیارە چاوەڕوانی چی بن. لە کۆتاییشدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم جۆرە پلانانە زیاتر جەخت لەسەر تیمی دامەزرێنەری کۆمپانیا دەکەنەوە. لە ڕاستیدا وەبەرهێنەران زیاتر وەبەرهێنان لەسەرکەسەکان دەکەن، نەک تەنها بیرۆکەکانیان؛ بۆیە زانینی ژیاننامە (Biographies) و ئەزموونی کاری ئەندامانی تیمەکە بۆ ئەوان زۆر گرنگە، چونکە بەپێی ئەم خاڵانە دەتوانن ئومێدیان بە پێشکەوتنی کۆمپانیاکە هەبێت.
پێشتر ئاماژەمان بەوە کرد کە ئەو کۆمپانیایانەی بزنس پلان بەکاردەهێنن،٣٠٪ خێراتر لە ڕکابەرەکانیان گەشە دەکەن. بەڵام تەنها نووسینی بەرنامەیەکی کار بەتەنها هیچ یارمەتییەک نادات، بەڵکو دەبێت بەردەوام پەرەی پێ بدەیت و پێداچوونەوەی بۆ بکەیت. لێرەدا چەند خاڵێک دەخەینە ڕوو کە یارمەتیت دەدەن لە کەمترین کاتدا بگەیتە باشترین ئەنجام:
پێش نووسینی بزنس پلان، دەبێت بەردەنگەکانی خۆت بناسیت. باشترە زمانێکی ئاڵۆز و زاراوەی زۆر تەکنیکی بەکارنەهێنیت؛ چونکە ڕەنگە ئەو بەردەنگ یان وەبەرهێنەرەی پلانەکەت دەخوێنێتەوە، زانیارییەکی زۆری دەربارەی بواری کارەکەت نەبێت.
جگە لەمە، درێژیی بەرنامەکەت لەبەرچاو بگرە. بێگومان ئەم بابەتە تا ڕادەیەک بەندە بە جۆری بەردەنگەکەتەوە، بەڵام تا دەکرێت هەوڵ بدە پلانەکەت کورت و بەسوود بنووسیت. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک کەس هەن کە پێیان باشە پلانەکان بە وردەکاریی زیاترەوە بخوێننەوە.
ئێمە پێشتر دەربارەی جۆرەکانی بزنس پلان قسەمان کرد و بە دڵنیاییەوە لەبیرتانە کە وتمان هەموویان کۆمەڵێک پێکهاتەی جێگیریان هەیە. ئەم خاڵانە بریتین لە: بەرنامەی پێداچوونەوە، کورتەی ستراتیژی، وێستگە گرنگەکان (Milestones)، بەرپرسیارێتییەکان، پێوەرەکان (ئەو ئامانجە ژمارەییانەی کە پرۆسەی گەیشتن پێیان شیاوی پشکنینە) و پێشبینییە بنەڕەتییەکان. پێشبینی و داڕشتنە باسکراوەکانیش پەیوەندییان بە بابەتەکانی فرۆشتن، تێچووەکان و نەختینەییەوە هەیە. ئەم پێکهاتە سەرەکییانە بە شێوەیەکی بنەڕەتی گەشە دەکەن و یارمەتی بزنسەکە دەدەن بگاتە ئامانجە دیاریکراوەکان. لە درێژەدا ئاماژە بەو شتانە دەکەین کە بوونیان لە پلانە جیاوازەکاندا پێویستە.
وەک پێشتر وتمان، بزنس پلانەکان دەکرێت لە دوو پۆلێنبەندی تەقلیدی (Traditional) و ستارتاپی (Startup) دابنرێن. جۆرە تەقلیدییەکان زۆربەی کات وردەکاریی زیاتریان تێدایە و درێژترن، لە لایەکی ترەوە پلانە ستارتاپییەکان زیاتر تەرکیز دەخەنە سەر وردەکارییە گرنگەکان.
ئەم جۆرە پلانە زۆربەی کات لە حەوت بەش پێکدێت کە هەر کامێکیان لە ڕوانگەیەکەوە بۆ بزنسەکە گرنگن. درێژیی بابەتەکە و ئاستی ئاماژەدان بە وردەکارییەکان لەم شێوازەدا بەندە بە بەردەنگی مەبەست و گەورەیی بزنسەکەت. ئەم بزنس پلانانە دەکرێت بۆ قایلکردنی وەبەرهێنەران بەکاربهێنرێن.
ئەم بەشە لە ناساندنی بزنسەکەت بە بینەر زۆر گرنگە. بۆچی دەبێت وەبەرهێنەرێک متمانە بە بزنسەکەی تۆ بکات؟ ئەم بەشە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە. هەوڵ بدە ئەم بەشە لە یەک یان دوو لاپەڕە تێپەڕ نەکات. لە ڕاستیدا دەبێت هەموو خاڵە سەرەکی و بەرچاوەکانی بزنسەکەت لەخۆ بگرێت. بەهۆی کورتەی جێبەجێکردنەوەیە کە دەتوانیت کاریگەرییەکی سەرەتایی باش (First Impression) لەسەر بینەر دروست بکەیت. پێشنیار دەکەین ئەم بابەتانە لەم بەشەدا زیاد بکەیت:
ئەم بەشە یەکەم شوێنە کە دەتوانیت تێیدا ئاماژە بە وردەکارییەکانی پەیوەست بە بزنسەکەت بکەیت. بازاڕی مەبەستی تۆ (Target Market) چییە؟ چۆن دەتەوێت ناوی خۆت لە نێوان ڕکابەرەکاندا دەربخەیت؟ جیاوازییەکانی خۆت لەگەڵ کۆمپانیا هاوشێوەکان لەم بەشەدا باس بکە. ئەمە بەشێکە لە پلاندانان کە زانیاری دەربارەی شیکردنەوەی بازاڕ، داتا، پێشبینییەکان، پێشنیارەکان و ڕوونکردنەوە دەربارەی شێوازی کێبڕکێ لەخۆ دەگرێت.
هەموو بزنسە سەرکەوتووەکان بێ گومان ئەو بازاڕەی تێیدا کار دەکەن هەڵدەسەنگێنن. ئەم بابەتە تەنها تایبەت نییە بە کۆمپانیا و ڕێکخراوە گەورەکان؛ بەردەنگیش حەز دەکات ببێنێت زانیاریی تۆ لەم بوارەدا چەندە. لەم بەشەدا دەبێت وەسفی ئەو پیشەسازی و بازاڕە بکەیت کە تێیدا کار دەکەن و ئەو دەرفەتانە باس بکەیت کە دەتوانیت بۆ سەرکەوتن سوودیان لێ وەربگریت. هەروەها دەبێت بایەخ بەترێندەکان (Trends) بدەیت؛ گۆڕانکارییەکانی بازاڕ لەبەرچاو بگرە و ئاماژە بەوە بکە کە کام گۆڕانکاری دەتوانێت بۆ بزنسەکەت بەسوود بێت.
جگە لەمە، دەبێت ڕکابەرەکانیشت شیکار بکەیت و بڵێیت کە ئەوان لە کام بەشانەدا کارکردنیان باشە و چ کەموکوڕییەک لە بزنسەکەیاندا دەبینرێت. لە ڕاستیدا ئامانجەکە ئەوەیە بڵێیت ئێستا بازاڕ چ کێشەیەکی هەیە کە تۆ دەتوانیت چارەسەری بکەیت یان پڕی بکەیتەوە. پێت وایە کاردانەوەی ڕکابەرەکان بۆ هاتنی تۆ چی دەبێت؟ ئایا بەتەمایت کڕیارەکانی ئەوان بۆ لای خۆت ڕابکێشیت؟ چۆن؟ هەموو ئەمانە دەبێت لەم بەشەدا باس بکرێن. هەروەها تێگەیشتن لە بازاڕی مەبەست بۆ دروستکردنی کەمپەینەکانی مارکێتینگ و دەستپێکردنی پرۆسەی فرۆشتن زۆر گرنگە.
ئێستا کاتی ئەوەیە وردەکارییە بەرجەستەکانی بزنسەکە زیاد بکەیت. لەم بەشەدا دەبێت ڕوونی بکەیتەوە کە کارەکەت ڕۆژانە چۆن بەڕێوە دەچێت. لێرەدا دەبێت بە تەواوی بچیتە ناو وردەکارییەکانەوە؛ پێکهاتەی یاسایی بزنسەکەت چۆنە؟ ئایا خاوەندارێتییەکەی لە دەستی یەک کەسدایە یان هاوبەشییە؟ پێشنیار دەکەین بۆ ئەم بەشەچارتێکی ڕێکخراوەیی (Organizational Chart) دیزاین بکەیت تاکوو پشکدارەکان و کەسانی خاوەن بەرژەوەندی دیار و دەستنیشانکراو بن.
لەو قۆناغەدا دواجار دەبێت دەربارەی ئەو بەرهەم یان خزمەتگوزارییانەی پێشکەشیان دەکەیت، بە وردەکاریی تەواوەوە ڕوونکردنەوە بدەیت. چ جۆرە بەرهەم یان خزمەتگوزارییەک دەخەیتە ڕوو؟ ئەم بەشە کەمێک لە بەشەکانی پێشوو درێژتر دەبێت، چونکە گرنگییەکی زۆری هەیە.
بەرهەم یان خزمەتگوزارییەکانی خۆت بناسێنە و جیاوازییەکانیان لەگەڵ نموونە هاوشێوەکان باس بکە. شێوازی نرخاندن (Pricing) و جیاوازیی شێوازی خستنەبازاڕی بەرهەمەکەت بۆ ڕکابەرەکان ڕوون بکەرەوە. لەم بەشەی بزنس پلانەکەدا، دەبێت بەرنامەی بازاڕگێڕی و ڕێکلام (Marketing & Advertising Plan) زیاد بکەیت. دەبێت بزانیت ئەگەر باشترین بەرهەمی جیهانیشت هەبێت بەڵام کەس نەیانناسێت، بەرهەمەکانت هیچ بەهایەکیان نابێت. چ پەیامێکت بۆ برەندینگ هەڵبژاردووە و دەتەوێت بینەر چۆن بتناسێت؟ چۆن دەتەوێت خۆت بناسێنیت و کڕیاری وەفادار (Loyal Customers) بەدەست بهێنیت؟ دەبێت ئەم خاڵانە لەم بەشەدا ڕەچاو بکەیت.
ئەگەر دەتەوێت قەرز وەربگریت یان وەبەرهێنەر بدۆزیتەوە، دەبێت لەم بەشەدا داواکاریی دابینکردنی دارایی خۆت بنووسیت. بە شێوەیەکی تەواو ڕوون و ئاشکرا بنووسە کە پێویستت بە چەند پارەیە و دەتەوێت لە چ کارێکدا خەرجی بکەیت. لە ڕاستیدا ناتوانیت بێ هۆکارێکی قایلکەر داوای وەبەرهێنانی بۆ نموونە ١٠٠ هەزار دۆلاری بکەیت. لەم بەشەدا دەبێت ئاماژە بەگەڕانەوەی سەرمایە (ROI) بکەیت تاکوو وەبەرهێنەر دڵنیا بێتەوە لە قازانجی کارەکە.
لەم بەشەدا دەبێت باس لە کارایی دارایی کۆمپانیاکەت بکەیت لە ڕابردوودا و بڵێیت لە داهاتوودا چ چاوەڕوانییەکت لە بزنسەکەت هەیە. ئەگەر خاوەنی بزنسێکی نوێیت، باشترە پێشبینیەکی لۆژیکی پێشکەش بکەیت.
توێژینەوە دەربارەی کارکردنی ئەو ڕکابەرانە بکە کە ئەزموونیان زیاترە و بنەما گشتییەکانی بازاڕەکەت بناسە. دۆخی داهات،تەرازووی پێداچوونەوە (Balance Sheet) و دۆخی نەختینەیی دەبێت لەم بەشەدا بایەخیان پێ بدرێت. باشتر وایە لێرەدا دوورە دیمەنی لایەنی کەم پێنج ساڵەی بزنسەکەت بکێشیت. لە ڕاستیدا ئەم بەشە پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە بەشی پێشووەوە هەیە و دەتوانیت هەردووکیان لە یەک بەشدا دابنێیت.
ئەگەر زانیاری یان بابەتگەلێکی وەک مافی داهێنان، مۆڵەتنامەکان، چارتە جیاوازەکان و هتد هەن کە لە بەشەکانی پێشوودا ئاماژەت پێ نەداون، دەتوانیت لەم بەشەدا کۆیان بکەیتەوە.
ئەم جۆرە بزنس پلانە دەکرێت بۆ ٩ بەشی جیاواز دابەش بکرێت. دەبێت بەبێ چوونە ناو وردەکاری، خاڵە گرنگەکان باس بکەیت و هەموو پلانەکە لە یەک لاپەڕەدا ڕوون بکەیتەوە. ئەم بەرنامەیە بەراورد بە جۆری پێشوو نەرمیی (Flexibility) زیاتری تێدایە و خێراتر و ئاسانتر دەتوانیت گۆڕانکاریی تێدا بکەیت.
وەسفی کڕیاری مەبەستی خۆت بکە. لە ڕاستیدا ئەوەی کە بەرهەم یان خزمەتگوزارییەکانت بۆ چ کەسانێک پێشکەش دەکرێن، گرنگییەکی زۆری هەیە. کەواتە ئەمە یەکەم بەشە کە لە داڕشتنی بزنس پلانێکی بێ پاشەرۆک دەبێت بایەخی پێ بدرێت.
بزنسەکان زۆربەی کات ڕێگەی جۆراوجۆر بۆ کاریگەری لەسەر کڕیارە جیاوازەکان بەکاردەهێنن. ئەگەر بزنسەکەی تۆش بەردەنگی ڕەنگاورەنگی هەیە، دەبێت بەهای پێشنیارکراو لە قاڵبی چەند خاڵێکدا لیست بکەیت، ئەگەر نا ئاماژەدان بە یەک خاڵیش بەسە.
بەهای پێشنیارکراوی تۆ چۆن پەیوەندی بە کڕیارەکانتەوە دەبێت؟ لەم بەشەی بزنس پلانەکەدا دەبێت دەربارەی ئاگاداریی برەند (Brand Awareness) و کەناڵەکانی پەیوەندیکردن بە کڕیاران وردەکارییە جیاوازەکان ڕوون بکەیتەوە.
دوای ئەوەی چۆنیەتی پەیوەندیکردنت بە کڕیار ڕوون کردەوە، باشترە بیر لەو ڕێگەیە بکەیتەوە کە بڕیارە کڕیارە ڕاکێشراوەکانی پێ “وەفادار” (Loyal) بکەیت. ئایا بڕیارە پەیوەندییەکە بەردەوام بێت؟ ئایا خۆت ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کڕیارەکانەوە دەکەیت یان سیستەمی ناردنی ئیمەیڵی ئۆتۆماتیکی بەکاردەهێنیت؟
بزنسەکەی تۆ چۆن دەگاتە داهات؟ لە چ قۆناغێکی ئاشنابوون بە کڕیار، حیساب لەسەر ئەو داهاتە دەکەیت کە لێیان دەستت دەکەوێت؟ زۆرێک لە کۆمپانیاکان خاوەنی چەندین ڕەوتی داهاتی جیاوازن. ئەگەر تازەکاریت، ئەگەر زۆرە تەنها یەک ڕەوتی داهاتت هەبێت. ژمارەی جەریانەکان لە سەرەتای کاردا گرنگییەکی ئەوتۆی نییە؛ تەنها ئەوە بسەلمێنە کە دەزانیت داهاتەکە ڕێک لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت.
لەم بەشەدا باس لەوە دەکەیت ئایا ژێرخانێکی پاڵپشتی قبوڵکراو لە بزنسەکەدا هەیە؟ سەرچاوە پاڵپشتەکان دەکرێت فەرمانبەر و سەرمایە لەخۆ بگرن، بەڵام تەنها بەوانە سنووردار نابن.
کام چالاکیە گرنگانە هەنل ە بەرنامەکەتدا کە بتوانن یارمەتی سەرکەوتنی بزنسەکەت بدەن؟ ئەم خاڵانە بە وردەکاری تەواوەوە بنووسە و باسی هۆکاری گرنگییەکەیان بکە.
ئەگەر بزنسەکەت نوێیە، ئەگەری زۆرە خاوەنی هەموو سەرچاوە سەرەکییەکان نەبیت و نەتوانیت هەموو چالاکییەکان خۆت بگریتە ئەستۆ. لەگەڵ کێدا هاوکاری دەکەیت؟ لەم بەشەدا دەربارەی دابینکەران (Suppliers)، فرۆشیاران و هاوبەشەکانی ترت ڕوونکردنەوە بدە.
ئێستا کە لە ژێرخان و پێویستییەکانی بزنسەکەت تێگەیشتوویت، دەتوانیت دەربارەی کۆی تێچووە پێشبینیکراوەکان لە بزنس پلانەکەدا قسە بکەیت. لایەنی کەم دەبێت ڕوونی بکەیتەوە کە چ تێچووەیەکی گەورە و سەرەکیت بۆ کارەکەت لەبەرچاو گرتووە.
چی ستارتاپ بیت یان بزنسێکی خاوەن ئەزموون، هەبوونی بزنس پلانێکی باش بۆت سوودبەخش دەبێت. لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین سەرکەوتنی تۆ لەو بازاڕەی تێیدا کار دەکەیت، تا ڕادەیەک بەندە بەم بابەتەوە. وەک ئاماژەی پێدرا، بەم بەرنامەیە دەتوانیت خێرایی گەشەی کۆمپانیاکەت٣٠٪ زیاد بکەیت؛ کەواتە هەرگیز پشتگوێی مەخە. هەوڵ بدە بەپێی ئەو فێرکارییانەی پێشکەش کران، بزنس پلانێکی سەرکەوتوو دابڕێژە و بەرەو ئامانجەکانت هەنگاو بنێ.
ئەمە هەموو ئەو شتانە بوو کە دەبوو دەربارە بزنس پلان و چۆنیەتی نووسینی بزانیت. هیوادارین ئەم وتارە بۆت سوودبەخش بووبێت.