هەموومان تا ڕادەیەک وۆردپرێس دەناسین و لە جیهانی ئەمڕۆدا حەز دەکەین بەم ئامرازە ماڵپەڕێک بۆ بزنسەکەمان دیزاین بکەین. بێگومان بۆ دروستکردنی هەر ماڵپەڕێک پێویستمان بە بەستێنێک هەیە بە ناوی “هۆست” (Host). یەکێک لەو خزمەتگوزاریانەی کە بۆ دامەزراندنی وۆردپرێس گونجاوە، لینوکسە؛ لە لایەکی تریشەوە یەکێک لە باشترین پانێڵە لینوکسییەکان، “سیپانێڵ”ـە. ئەمڕۆ بە نیازین فێرکاری دامەزراندنی وۆردپرێس لەسەر سیپانێڵتان پێشکەش بکەین تاکوو لە کاتی کڕینی هۆستێکی لەو شێوە، بتوانن بە ئاسانی وۆردپرێس دابمەزرێنن.
هۆست لە ڕاستیدا ئەو شوێنەیە کە زانیارییەکانی پەیوەست بە ماڵپەڕەکەی لەسەر پاشەکەوت دەکرێت. بۆ بەڕێوەبردنی هۆست ئامرازی جیاواز هەن کە گرنگترینیان بریتین لە: دایرێکت ئەدمین (DirectAdmin)، پڵێسک (Plesk) و سیپانێڵ (cPanel). ئێمە لەم وتارەداباس لە دامەزراندنی وۆردپرێس لەسەر سیپانێڵ دەکەین.
دامەزراندنی وۆردپرێس لەسەر سیپانێڵ چەند قۆناغێکی هەیە کە زۆر خێرا و ئاسانن. تەنها دەبێت بە وریاییەوە و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵمان بیت تاکوو لە کۆتاییدا بتوانیت ماڵپەڕێک دروست بکەیت.
لە یەکەم هەنگاودا دەبێت نوێترین وەشانی وۆردپرێس لەم ناونیشانەوە www.wordpress.org دابەزێنیت (Download) و فایلەکەی کە بە شێوەی پەستێوراوە (Zip) لەسەر کۆمپیوتەرەکەت پاشەکەوت بکەیت.
لە قۆناغەدا دەبێت فایلی پەستێوراوی وۆردپرێس لەسەر هۆستی سایتەکەت و لە شوێنێکی دیاریکراودا ئەپڵۆد (Upload) بکەیت. بۆ ئەم مەبەستە دەبێت ئەم هەنگاوانە یەک لە دوای یەک جێبەجێ بکەیت:
لە هەنگاوی یەکەمدا بۆ ئەپڵۆدکردنی فایلەکان، دەبێت بچیتە ناو بەشی بەڕێوەبردنی هۆستی ماڵپەڕەکەت. بۆ ئەم مەبەستە، ئەو ناونیشانەی (URL) کە پێشتر لەلایەن کۆمپانیای هۆستینگەکەتەوە بۆت نێردراوە لە وێبگەڕەکەتدا (Browser) بنووسە.
لە لاپەڕەی چوونەژوورەوەدا (Login)، ناوی بەکارهێنەر (Username) و وشەی نهێنی (Password) کە بۆت نێردراوە داخڵ بکە تاکوو بچیتە ناو پانێڵی بەڕێوەبردنی سیپانێڵ.
لە لاپەڕەی سەرەکی سیپانێڵدا، بەدوای بژاردەی File Manager بگەڕێ و کلیکی لەسەر بکە.
لەناو فایل مەنەیجەردا دەبێت بچیتە ناو فۆڵدەری public_html. ئەم بەشە لقی سەرەکی سی پانێڵە و دەبێت فایڵی وۆردپرێسەکە لێرە دابنرێت. بەپێی وێنەکە، بژاردەی Upload هەڵبژێرە و فایلی زیپ (Zip) ی وۆردپرێسەکە لێرەدا ئاپڵۆد بکە.
دوای ئەوەی ئاپڵۆدەکە تەواو بوو، کلیک ڕاست لەسەر فایلی زیپەکە بکە و بژاردەی Extract دابگرە تاکوو فایلەکان لە ناو فۆڵدەرەکەدا بڵاو ببنەوە، پاشان دەتوانیت فایلی زیپە سەرەتاییەکە بە بژاردەی Delete بسڕیتەوە تاکوو فەزای هۆستەکەت پڕ نەکاتەوە.
دوای ئەپڵۆدکردنی فایلەکان، سەرەی دروستکردنی ژێرخانی زانیارییە بۆ ئەوەی ماڵپەڕەکە بە هۆستەکەوە ببەسترێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە ئەم هەنگاوانە پەیڕەو بکە:
لە لاپەڕەی سەرەکی بەڕێوەبردنی سیپانێڵ، وەک ئەوەی لە وێنەکەدا دیارە، کلیک لەسەر بژاردەی MySQL® Database Wizard یان MySQL® Databases بکە.
لە هەنگاوی دواتردا بۆ دروستکردنی ژێرخانی زانیاری، دەبێت ناوێک بۆ داتابەیسەکەت هەڵبژێریت (بۆ نموونە: wp_db) و پاشان کلیک لەسەر دوگمەی Next Step بکەیت.
لەەم قۆناغەدا دەبێت بەکارهێنەرێک یان هەمان User پێناسە بکەیت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دەستڕاگەیشتنی بە ژێرخانی زانیاریی ماڵپەڕەکەت هەبێت. بۆ ئەم مەبەستە لە لاپەڕەیەکدا وەک ئەوەی لە وێنەکەدا دیارە، ناوی بەکارهێنەر و وشەی نهێنی (Password) دیاری بکە و پاشان کلیک لەسەر دوگمەی Create User لە خوارەوەی لاپەڕەکە بکە.
هەوڵ بدە لەم قۆناغەدا حەتمەن وشەیەکی نهێنی (Password) بەهێز و پارێزراو بەکاربهێنیت؛ بۆ ئەم مەبەستە دەتوانیت پیتە گەورە و بچووکەکان، ژمارە و نیشانەکان بە شێوەیەکی تێکەڵاو بەکاربهێنیت. دوای دیاریکردنی ناوی بەکارهێنەر و وشەی نهێنی، دڵنیابەرەوە کە لە شوێنێکدا دەیاننووسیت و لەبیریان ناکەیت.
دوای ئەوەی ژێرخانی زانیاریت بۆ ماڵپەڕەکە دروست کرد، لەوانەیە بە شێوەیەکی خۆکار بەکارهێنەرە پێناسەکراوەکە دەسەڵاتی دەستکاری کردنی ژێرخانی زانیارییەکەی نەبێت، هەر بۆیە دەبێت مۆڵەتی پێویستی پێ بدرێت. بۆ ئەم مەبەستە ئەم هەنگاوانە پەیڕەو بکە:
بچۆ بۆ بەشی Add User To Database.
لە لیستی کشاوەی یەکەمدا، ئەو بەکارهێنەرەی دروستت کردووە هەڵیبژێرە.
لە لیستی دووەمدا (Database)، ئەو ژێرخانە زانیارییەی دروستت کردووە هەڵیبژێرە و کلیک لەسەر دوگمەی Add بکە.
لە هەنگاوی دواتردا، دەسەڵات و مۆڵەتەکانی بەکارهێنەر دیاری بکە (زۆربەی کات بژاردەی ALL PRIVILEGES هەڵدەبژێردرێت).
دوای تەواوبوونی ئەم هەنگاوانە، کلیک لەسەر دوگمەی Make Changes بکە تاکوو دەسەڵاتەکان بۆ بەکارهێنەرەکە جێگیر بکرێن.
لە درێژەی ئەم فێرکارییەدا، سەرەی ڕێکخستنی کۆتا قۆناغەکانی دامەزراندنی وۆردپرێسە. ئەم هەنگاوانە دەبەینە پێشەوە:
ناونیشانی ماڵپەڕەکەت (Domain) لە وێبگەڕدا بنووسە. لەو لاپەڕەیەی دەکرێتەوە، زمانی ماڵپەڕەکەت دیاری بکە؛ بۆ ماڵپەڕە کوردییەکان، زمانەکە بە کوردی یان هەر زمانێکی تر کە مەبەستتە هەڵبژێرە.
وەک وێنەکەی خوارەوە دیارە،لە قۆناغی دواتردا دەگوازرێتەوە سەر لاپەڕەیەکی تر؛ لەم قۆناغەدا پێویستت بە هیچ ڕێکخستنێکی تایبەت نییە، تەنها کلیک لەسەر دوگمەی “با بڕۆین!” یان “Let’s go!” بکە بۆ ئەوەی بچیتە قۆناغی دواتر.
وەک لە وێنەکەدا دیارە لە قۆناغی دواتردا، دەبێت زانیارییەکانی پەیوەست بە ژێرخانە زانیارییەکەت (Database) داخڵ بکەیت (هەمان ئەو زانیارییانەی کاتی دروستکردنی ژێرخانی زانیارییەکە). وەک دەبینیت، لێرەدا دەبێت ناوی ژێرخانی زانیاری (Database Name)، ناوی بەکارهێنەر (Username) و وشەی نهێنی (Password) بنووسیت و پاشان کلیک لەسەر دوگمەی “پشتڕاستکردنەوە” یان “Submit” لە خوارەوەی لاپەڕەکە بکەیت.
لە هەموو خانەکانی سەرەوەدا، دەبێت ئەو زانیارییانە پڕ بکەیتەوە کە لە کاتی دروستکردنی داتابەیسەکەدا ئامادەت کردبوون. دوای ئەوە کلیک لەسەر ناردن بکە تاکوو ئەم پەیامی سەرکەوتووبوونی پڕۆسەکە نیشان دەدرێت.
بە کلیککردن لەسەر دوگمەی “ڕێکخستنی دابەزاندن” یان “Run the installation”، دەچیتە بەشێک کە دەبێت زانیارییە سەرەکییەکانی ماڵپەڕەکەتی تێدا بنووسیت:
ناونیشانی ماڵپەڕ: ناوی ماڵپەڕەکەت.
ناوی بەکارهێنەر: ناوێک بۆ چوونە ناو پانێڵی بەڕێوەبردنی وۆردپرێس.
وشەی نهێنی: وشەیەکی نهێنی بەهێز بۆ ئەدمینی سایت.
ئیمەیڵ: ئیمەیڵی بەڕێوەبەری سایت.
ئێستا کلیک لەسەر “ڕێکخستنی وۆردپرێس” یان “Install WordPress” بکە. پیرۆزە! دامەزراندنی وۆردپرێس لەسەر سیپانێڵ بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات. ئێستا دەتوانیت بچیتە ناو پانێڵی بەڕێوەبردن، (قالب) یان تێمەکەت دابمەزرێنیت و چێژ لە ماڵپەڕەکەت وەربگریت.
کۆباس و پوختەی بابەتەکە
لەو بابەتەدا فێرکاریی دامەزراندنی وۆردپرێس لەسەر سیپانێڵمان پێشکەش کردن. بە یارمەتی ئەم فێرکارییە دەتوانیت لە کەمترین کاتدا و بە شێوەیەکی ستاندارد سایتەکەت لەسەر سیپانێڵ ڕێبخەیت و دەست بە کارەکانت بکەیت.
ئەگەر لە کاتی دامەزراندندا تووشی هەر کێشەیەک بوون، بە دڵنیاییەوە وڵامی پرسیارەکانتان دەدەینەوە.