
ئامرازی جیاواز بۆ شیکردنەوەی ماڵپەڕەکان هەن کە یەکێک لە بەناوبانگترین و بەسوودترینیان گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics)ـە کە لەلایەن کۆمپانیای گووگڵ (Google)ـەوە پێشکەش دەکرێت و سەرەڕای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری هەمەجۆر و بەسوود، بەکارهێنانی بۆ هەموو بەکارهێنەران بێبەرامبەرە.
بە بەکارهێنانی ئەم ئامرازە بەسوودە دەکرێت زانیاری زۆر بەکەڵک بە دەست بهێنین بۆ شیکردنەوەی ماڵپەڕ (Site Analysis) و خاڵە لاواز و بەهێزەکانی ماڵپەڕەکە دەستنیشان بکەین و هەوڵ بۆ باشترکردنی کارکردی ماڵپەرەکە(Site Performance) بدەین. گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) ئامرازێکی بەسوودە بە وردەکارییەکی زۆرەوە، کە ئێمە لەم وتارەدا باس لە ئەم ئامرازە دەکەین و سەبارەت بە هەرکام لەو سەردێڕانەی خوارەوە بە وردی قسە دەکەین:
گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) کە بە کورتی بە (GA) ناسراوە، یەکێکە لە بەناوبانگترین ئامرازە بێبەرامبەرەکانی کۆمپانیای گووگڵ بۆ شیکردنەوەی کارکردی ماڵپەڕەکان و ئەپڵیکەیشنەکان، کە توانایی تێکەڵکردن و بەستنەوەی بە ئامرازەکانی تری گووگڵ وەک گووگڵ ئەدز (Google Ads)، گووگڵ سێرچ کانسڵ (Google Search Console) و یان داتا ستۆدیۆ (Data Studio)ـی هەیە.
ئەم ئامرازەی گووگڵ بەهۆی بێبەرامبەربوونی و ئەو زانیارییە بەسوودانەی کە سەبارەت بە ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنەکان بە بەکارهێنەرانی دەبەخشێت، لایەنگرێکی زۆری لە نێوان بەڕێوبەرانی ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنەکاندا هەیە.
ئەگەر ئێوەش حەز بە شیکردنەوەی کارکردی ماڵپەڕی بزنسەکەتان دەکەن، ئێمە بەکارهێنانی گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics)ـتان پێ پێشنیار دەکەین؛ هەرچەندە بەهۆی بوونی وردەکارییەکی زۆر و قەبارەیەکی یەکجار زۆری داتاکان (Data) لەم ئامرازەدا، ئەگەری هەیە لە سەرەتادا هەندێک سەرتان لێ بشێوێت، بەڵام بێگومان بە فێرکارییەکی دروست دەتوانن بە باشی ئەم ئامرازە بەکار بهێنن و لەو ڕێگەیەوە زانیاری زۆر بەسوود دەربارەی کارکردی ماڵپەڕی بزنسەکەتان بەدەست بهێنن.
وەک وتمان، یەکێک لە گەورەترین تایبەتمەندییەکانی گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) ئەوەیە کە بێبەرامبەرە، بە بەکارهێنانی وەشانی بێبەرامبەری ئەم ئامرازە دەتوانن زانیاری بەسوود بە دەست بهێنن؛ هەرچەندە گووگڵ بۆ ئەم ئامرازە وەشانێکی پرێمیۆمیشی (Paid version) پێشکەش کردووە کە بە بەکارهێنانی ئەو وەشانە دەتوانن زانیاری پسپۆڕانەتر دەربارەی ماڵپەڕەکەتان بەدەست بهێنن.
بۆ ڕێکخستن (Set up) و دامەزراندنی (Installation) گووگڵ ئەنالیتیکس بە شێوەیەکی دروست، دەبێت لە چینە جیاوازەکان و پلەبەندییەکانی (Hierarchy) ئەم ئامرازەی گووگڵ بە باشی تێبگەیت، کە ئێمە لەم بەشەدا دەپەرژێینە سەر ئەم بابەتە.
وێنەی خوارەوە پلەبەندییەکانی گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) بە باشی نیشان دەدات.

هەروەک چۆن لە وێنەی سەرەوەدا دەبینن، پلەبەندییەکانی گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) لە چەندین بەشی جیاواز پێکدێت، کە لە درێژەدا هەر کام لەم بەشانە بە تەواوی دەناسێنین.
بەرزترین ئاست لە پلەبەندییەکانی گووگڵ ئەنالیتیکس، ڕێکخراو یان (Organization)ـە و هەروەک چۆن لە ناوەکەیەوە دیارە، نیشاندەری ڕێکخراوێک یان کۆمەڵەیەکی گەورەیە کە چەندین هەژماری بەکارهێنەری گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics)، ماڵپەڕ یان ئەپڵیکەیشن و ژمارەیەک بەکارهێنەر بۆ سوودوەرگرتن لەوان لەخۆ دەگرێت.
بۆ بەکارهێنانی ئامرازی گووگڵ ئەنالیتیکس، دەبێت لانیکەم هەژمارێکی بەکارهێنەری (GA Account) بۆ دروست بکەیت.
هەر ڕێکخراو یان کۆمەڵەیەکی گەورە دەتوانێت چەندین هەژماری بەکارهێنەری گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics)ـی هەبێت، یان تەنانەت ڕەنگە یەک هەژماری (GA) هەبێت کە چەندین کەس بە هاوبەشی بەکاری بهێنن. هەڵبژاردنی ئەم بابەتە کە ئایا ڕێکخراوێک یەک هەژماری هاوبەش بۆ فەرمانبەرەکانی دروست بکات یان بۆ هەر بەکارهێنەرێک هەژمارێکی سەربەخۆی گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) دابین بکات، بەستراوەتەوە بە سیاستەکانی ئەو ڕێکخراوە سەبارەت بە نهێنیبوونی زانیارییەکان و ئاستی دەسەڵاتی بەکارهێنەران (Access Level).
تایبەتمەندی(Property) لە گووگڵ ئەنالیتیکسدا نیشاندەری ئەو ماڵپەڕ یان ئەپڵیکەیشنانەیە کە بەم ئامرازە بەسوودەی گووگڵەوە بەستوومانەتەوە تا بتوانین چالاکییەکانیان شیکاری بکەین. دەکرێت بۆ هەر هەژمارێکی بەکارهێنەری گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) بە یەک یان چەند (Property)ـی جیاواز ببەسترێتەوە؛ هەڵبەت دەکرێت بە هەر هەژمارێکی GA ماکسیمۆم ٢٥ ماڵپەڕ یان ئەپڵیکەیشن ببەسترێتەوە.
دواهەمین و نزمترین پلە لە پلەبەندییەکانی گووگڵ ئەنالیتیکس، پلەی (View) یان دیمەنە، کە لەم بەشەدا بەکارهێنەران دەتوانن زانیارییە خوازراوەکانی خۆیان ببینن و تەنانەت بۆ بینینی زانیارییەکی تایبەت، فلتەری (Filters) دیاریکراو بە کار بهێنن.
بۆ دامەزراندنی گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics Installation) دەبێت ئەم قۆناغانەی خوارەوە هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ بکەن:
لە یەکەم قۆناغدا سەرەتا دەبێت هەژمارێکی گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) دروست بکەن یان بچنە ناو ئەو هەژمارەی (Log in) کە پێشتر دروستتان کردووە.
لە هەنگاوی دووەمدا بۆ سوودوەرگرتن لە تایبەتمەندییە سەرسوڕهێنەرەکانی گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics)، دەبێت ناونیشانی ئەو ماڵپەڕ یان ئەپڵیکەیشنەی کە دەتانەوێت شیکاری بۆ بکەن بە هەژماری بەکارهێنەری گووگڵ ئەنالیتیکستانەوە ببەستنەوە؛ بۆ ئەم مەبەستە تەنها بە پارچە کۆدێکی جاواسکریپتی (JavaScript) تایبەت کە گووگڵ ئەنالیتیکس دەیخاتە بەردەستان، لە بەشی هێدەر (Header)ـی ماڵپەڕی مەبەستدا دایبنێن تا ئەم ئامرازەی گووگڵ بتوانێت شوێنپێی (Tracking) ماڵپەڕەکەتان بگرێت.
لە قۆناغی دواتردا دەبێت (View)ـێک زیاد بکەن؛ بۆ ئەم مەبەستە دەبێت بچنە بەشی تایبەتمەندی (Property) ئەو هەژمارەی گووگڵ ئەنالیتیکس کە مەبەستتانە و ناوێک بۆ (View)ـەکەتان هەڵبژێرن، جۆری (View)ـەکە کە دەکرێت ماڵپەڕ یان ئەپڵیکەیشن بێت دیاری بکەن و وەڵامی چەند پرسیارێکی تری ئەم بەشە بدەنەوە تا بتوانن (View)ـێکی نوێ دروست بکەن. سەرنجی ئەم خاڵەش بدەن کە بۆ هەر ماڵپەڕ یان ئەپڵیکەیشنێک لە هەژماری گووگڵ ئەنالیتیکسدا دەتوانن ماکسیمۆمم ٢٥ نما(View) زیاد بکەن.
دوای زیادکردنی ماڵپەڕ یان ئەپڵیکەیشن بۆ ناو هەژماری گووگڵ ئەنالیتیکس، ئەم ئامرازە کۆدێکی سکریپتی تایبەتت پێ دەدات کە دەبێت لە بەشی هێد (Head)ـی ماڵپەڕەکەتدا دایبنێیت تا گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) بتوانێت داتاکان (Data) لە ماڵپەڕەکەتەوە دەربهێنێت.
دوای جێبەجێکردنی ئەو قۆناغانەی سەرەوە، دەبێت لە پەیوەستبوونی ماڵپەڕ یان ئەپڵیکەیشنەکەت بە گووگڵ ئەنالیتیکس و دروستیی ئەو کۆدەی لە بەشی هێدی ماڵپەڕەکەدا داتناوە دڵنیا بیتەوە. بۆ ئەم مەبەستە، لە هەمان کاتدا کە خۆت لاپەڕەیەکی ماڵپەڕەکەت لە وێبگەڕەکەتدا (Browser) کردووەتەوە، سەیری بەشی (Real-time Reports)ـی ئەم ئامرازە بکە. لەم کاتەدا دەبێت ئەم ڕاپۆرتە لانیکەم یەک سەردانیکەری ئۆنڵاین نیشان بدات کە لە ڕاستیدا هەر بۆخۆتی؛ ئەگەر بەو شێوە بوو ئەوا ماڵپەڕەکەت بە دروستی بە گووگڵ ئەنالیتیکسەوە بەستراوەتەوە.
دوای جێبەجێکردنی ئەم قۆناغانە، ڕەنگە ئەم پرسیارەت لا دروست بێت کە ئایا دەبێت ئەو کۆدە سکریپتەی گووگڵ ئەنالیتیکس پێی داوی لە هەموو لاپەڕەکانی ماڵپەڕەکەدا دایبنێیت؟
بێگومان ئەگەر بتەوێت ئەو کۆدە جاواسکریپتەی (JavaScript) کە گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) بە شێوەیەکی تایبەت دروستی کردووە و لە بەر دەستی داناوە، لە هەموو لاپەڕەکانی ماڵپەڕەکەدا دایبنێ، کارێکی ماندووکەرە.
بەڵام هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە پێویست ناکات ئەم کۆدە سکریپتە لە هەموو لاپەڕەکانی ماڵپەڕەکەتدا دابنێیت، بەڵکو تەنها لە بەشی هێد (Head)ـی ماڵپەڕەکەتدا دایبنێیت تەواوە. بە سەرنجدان بەوەی کە بەشی هێد لە هەموو لاپەڕەکانی ماڵپەڕەکەدا بوونی هەیە، بە زیادکردنی ئەم کۆدە سکریپتە بۆ هێدی ماڵپەڕەکە، بە شێوەیەکی خۆکار (Automatic) ئەم کۆدە بەسەر هەموو لاپەڕەکانی ماڵپەڕەکەدا جێبەجێ دەبێت.
سەرنج بدەن کە ئەگەری هەیە ماڵپەڕەکەت چەند جۆر (Page Template)ـی هەبێت کە هەر قاڵبێک، بەشی هێدی تایبەت بە خۆی هەبێت؛ لەو کاتەدا دەبێت کۆدە سکریپتەکە لە هەموو هێدەکانی لاپەڕە جیاوازەکانی ماڵپەڕەکەتدا دابنێیت. بۆ نموونە ئەگەر ماڵپەڕەکەت ٣ جۆر لاپەڕەی بە ٣ هێدی جیاوازەوە هەبێت، دەبێت کۆدە سکریپتەکە لە هەر ٣ بەش یان ماژۆڵی هێدی ماڵپەڕەکەدا دابنێیت.
لە گووگڵ ئەنالیتیکسدا، ئۆدیێنس (Audience) یان بەردەنگ گرووپێکی تایبەت لە بەکارهێنەرانە کە خاڵێکی هاوبەشیان لەنێواندا هەیە، کە ئەم خاڵە هاوبەشە دەکرێت هەر شتێک بێت.
بۆ نموونە، وا دابنێن ئێوە خاوەنی بزنسێکی نێودەوڵەتین لە بواری دیجیتاڵ مارکێتینگ (Digital Marketing)دا کە لە وڵاتە جیاوازەکاندا خزمەتگوزاری بە بەکارهێنەران پێشکەش دەکات و دەتانەوێت کارکردی ماڵپەڕەکەتان لە وڵاتێکی دیاریکراودا وەک ئەڵمانیا لێک بدەنەوە؛ بۆ ئەم مەبەستە دەبێت چاودێری ئەو ئۆدیێنسانە (Target Audiences) بکەن کە خەڵکی وڵاتی ئەڵمانیان یان بۆ نموونە بزنسێکی فرۆشتنی ئۆنڵاینی کاڵا وەرزشییەکان دەیەوێت کاڵا وەرزشییەکان بە ئۆدیێنسە گەنجەکانی بفرۆشێت، کەواتە دەبێت چاودێری ئۆدیێنسەکانی تەمەن ١٨ بۆ ٣٠ ساڵ بکات.
گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) بە شێوەیەکی خۆکار بەکارهێنەران لەسەر بنەمای پێوەرە جیاوازەکانی وەک تەمەن، ناوچەی جوگرافی، ڕەگەز و بابەتە هاوشێوەکانی تر، بۆ گرووپە جیاوازەکانی ئۆدیێنس پۆلێن دەکات و ئێوە دەتوانن بە شێوەیەکی جیاکراوە کارکردی هەر گرووپێک لە ئۆدیێنسەکان لە ناو ماڵپەڕ یان ئەپڵیکەیشنەکەتاندا بە بەکارهێنانی گووگڵ ئەنالیتیکس لێک بدەنەوە.
تایبەتمەندییەکی سەرنجڕاکێش کە گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) دەیخاتە بەردەستی بەکارهێنەران ئەوەیە کە دەتوانن بۆ لێکدانەوەی کڕیارەکانی خۆتان، گرووپی تایبەتی ئۆدیێنس دروست بکەن. بۆ نموونە ئەگەر بزنسەکەتان لە بواری فرۆشتنی ئۆنڵاینی پۆشاکی سپۆرتی کچانە لە ناوچەیەکی دیاریکراودا چالاکە و کڕیارەکانی زیاتر کچانی تەمەن ١٨ تا ٣٠ ساڵن، دەتوانن گرووپێکی ئۆدیێنس بە خاڵە هاوبەشەکانی وەک: تەمەنی نێوان ١٨ تا ٣٠ ساڵ، ڕەگەزی مێ و لە هەرێمی کوردستان دروست بکەن و کارکردی ئەوان لە ناو ماڵپەڕەکەتاندا لێک بدەنەوە و شیکاری بۆ بکەن.
دروستکردنی گرووپی ئۆدیێنسە مەبەستەکان (Target Audience Groups) لە گووگڵ ئەنالیتیکسدا کارێکی سادە و ئاسانە؛ لە ڕاستیدا قورسترین بەش بۆ دروستکردنی گرووپەکانی ئۆدیێنس، شیکردنەوەی گونجاوی بزنسەکە و تێگەیشتنە لەوەی کە ئۆدیێنسە مەبەستەکانی بزنسەکەتان خاوەنی چ تایبەتمەندییەکی هاوبەشن.
دوای دیاریکردنی گرووپی ئۆدیێنسە مەبەستەکانتان، دەبێت کەرتێکی ئۆدیێنس یان ئۆدیێنس سێگمێنت (Audience Segment) دروست بکەن، کە لە بەشی داهاتوودا زیاتر دەربارەی سێگمێنت (Segment) قسە دەکەین.
سێگمێنت (Segment) ژێرکۆمەڵەیەکە لە داتاکان (Data) کە بە سەرنجدان بە بواری بزنس، ئۆدیێنس و لایەنەکانی تر، دەکرێت داتاکان بە سەر کەرت یان سێگمێنت (Segment)ـی جیاوازدا دابەش بکرێن.
بۆ نموونە ئەگەر ئێوە بزنسێکی فرۆشتنی ئۆنڵاینی پۆشاکتان هەبێت و بتانەوێت کرداری ئەو بەکارهێنەرانەی کە بەرهەمێکیان لە پۆلێنێکی دیاریکراوی وەک “تیشێرتی قۆڵکورتی پیاوانە” کڕیوە لێک بدەنەوە، دەتوانن سێگمێنت (Segment)ـێک بۆ ئەم بەکارهێنەرانە دروست بکەن.
داتاکانی ماڵپەڕ دەکرێت لەسەر بنەمای پێوەرە جیاوازەکانی وەک ئەمانەی خوارەوە بۆ بەش و سێگمێنت (Segment)ـی جیاواز دابەش بکرێن:
دوای دابەشکردنی داتاکان بۆ سێگمێنت (Segment)ـە جیاوازەکان، دەبێت پێداچوونەوە بە سەر ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکس بکرێت کە لە بەشی داهاتوودا لەم بارەیەوە قسە دەکەین.

بۆ بینینی ڕاپۆرتەکانی گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) دەربارەی کارکردی ماڵپەڕەکەت، دەبێت لەسەر شریتی تەنیشتی (Sidebar) لای چەپی گووگڵ ئەنالیتیکس کرتە بکەیت، کە بەم کارە ٥ بژاردەی هاوشێوەی وێنەکەی خوارەوەت پێ نیشان دەدرێت.
لە دواییدا دەربارەی هەرکام لە بەشەکانی ڕاپۆرت لە گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) لەگەڵتان دەدوێین.
هەروەک چۆن لە ناوی ئەم بەشەدا دیارە، لەم بەشەی ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) دا دەتوانن دەربارەی ڕووداوەکانی (Events) ماڵپەڕ بە هەندێک زانیاری بەسوود بگەن؛ بۆ نموونە لە ژمارەی سەردانیکەرانی ئۆنڵاینی ماڵپەڕەکەتان و ئەوەی کە لە کام لاپەڕەی ماڵپەڕەکەتاندان و لە ڕێگەی کام کەناڵەوە (Channel) هاتوونەتە ناو ماڵپەڕەکەتان، ئاگادار ببنەوە.
ئەم بەشەی ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) ئەگەرچی دەکرێت کاتێکی زۆرت لێ بگرێ، بەڵام ئەگەری هەیە زانیارییەکانی بایەخێکی ئەوتۆیان نەبێت؛ چونکە زانیارییەکانی ئەم بەشە بۆ ماوەیەکی زۆر کورتخایەنن کە ناتوانرێت وەکوو بنەمایێک بۆ شیکردنەوەی درێژخایەنی ماڵپەڕەکەت بەکاربێن.
لە بەشی ئۆدیێنس(Audience) لە ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) دا، دەتوانن زانیاری بەسوود دەربارەی کارکردی ئۆدیێنسەکانتان لە ماڵپەڕەکەتاندا بە دەست بهێنن، کە ئەم بەشەی ڕاپۆرتەکە وەک لە وێنەکەی خوارەوەدا دەبینن، خۆی چەندین ژێرکۆمەڵەی جیاوازی هەیە.

لە درێژەدا هەر یەک لە ژێرکۆمەڵەکانی بەشی ئۆدیێنس (Audience) لە ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکسدا بە کورتی شرۆڤە دەکەین.

ڕەنگە لە یەکەم نیگادا بە بینینی ناونیشانی ئەم بەشەی ڕاپۆرتەکە، وابیر بکەنەوە کە لەم بەشەدا دەتوانن ژمارەی سەردانیکەرانی ئۆنڵاین ببینن، بەڵام وا نییە و بۆ بینینی سەردانیکەرانی ئۆنڵاین، هەروەک چۆن پێشتر وتمان، دەبێت سەردانی بەشی ڕیڵ تایم (Real-time) بکەن.
لەناو ئەم بەشەی ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکسدا دەتوانن ژمارەی بەکارهێنەرە چالاکەکانی ماڵپەڕ لە ماوەی ڕۆژێکی ڕابردوو، هەفتەیەک، مانگێک و یان هەر ماوەیەکی تر ببینن.
بە بەکارهێنانی ئەو زانیارییانەی لەم بەشەوە بەدەستی دەهێنن، دەتوانن ژمارەی ئەو بەکارهێنەرانەی کە بۆ ماوەی ڕۆژێک لە ماڵپەڕەکەتاندا چالاک بوون ببینن و بە بەراوردکردنی ئەوان لەگەڵ ژمارەی ئەو بەکارهێنەرانەی کە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە ماڵپەڕەکەتاندا چالاکییان کردووە، ڕێژەی مانەوە و ڕاکێشانی بەکارهێنەران لەلایەن ماڵپەڕەکەتانەوە دەستنیشان بکەن. ئەگەر ژمارەی ئەو بەکارهێنەرانەی کە تەنها بۆ ماوەی ڕۆژێک لە ماڵپەڕەکەتاندا چالاک بوون و چیتر سەردانی نەکردووەتەوە زیاتر بێت لە بەکارهێنەرە درێژخایەنەکانی ماڵپەڕەکەتان، ئەوا ئەگەری هەیە ماڵپەڕەکەتان لە بواری مانەوەی بەکارهێنەرەکانیدا کێشەی هەبێت و دەبێت چارەسەری بکەن تا ئەو بەکارهێنەرانەی دێنە ناو ماڵپەڕەکەتان، هان بدرێن بۆ بەکارهێنانی دووبارەی ماڵپەڕەکەتان.
بە بەکارهێنانی ئەم بەشەی ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) و تێکەڵکردنی لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی بەکارهێنەران، دەتوانن زانیاری سەرنجڕاکێش بە دەست بهێنن؛ بۆ نموونە ئاگادار ببنەوە لە ڕێژەی مانەوەی بەکارهێنەران لە گرووپێکی تەمەنی تایبەتدا بە ڕەگەزێکی دیاریکراو.
بە بەکارهێنانی ئەو زانیارییانەی لەم بەشەی ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکسدا بەدەستی دەهێنن، دەتوانن بەهای بەکارهێنەرە جیاوازەکان بۆ بزنسەکەتان دەستنیشان بکەن و تەنانەت ئەو کەناڵانەی (Channels) کە بوونەتە هۆی ڕاکێشانی کڕیاری بەهادارتر بناسنەوە. بە هەبوونی ئەم زانیارییە بەسوودانە، دەتوانن کەناڵە مارکێتینگییە بەهادارترەکان بخەنە ڕیزی سەرەوەی چالاکییەکانتانەوە.
هەندێک کەس ئەم بەشەی ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) وەک بەسوودترین ڕاپۆرتی ئەم ئامرازە دەبینن.
بە بەکارهێنانی ئەم بەشەی ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکس، دەتوانن بەکارهێنەران لەسەر بنەمای تایبەتمەندییەکی دیاریکراو پۆلێن بکەن؛ بۆ نموونە بیانبەستنەوە بە “ڕێکەوتی ڕاکێشان” (Acquisition Date) کە نیشاندەری ئەو ڕێکەوتەیە کە بۆ یەکەمجار سەردانی ماڵپەڕەکەیان کردووە.
بۆ سوودوەرگرتن لەم بەشەی ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics)، دەبێت ئەم هەنگاوانەی خوارەوە جێبەجێ بکەن:
١. سەرەتا قەبارە یان ماوەی ڕاپۆرتی مەبەست لەسەر بنەمای ڕۆژ، هەفتە یان مانگ هەڵبژێرن.
٢. لە هەنگاوی دواتردا، مێتریک (Metric) یان ئەو پێوەرەی کە دەتانەوێت لێکی بدەنەوە دیاری بکەن، کە دەتوانێت بە سێ بەش دابەش ببێت:
بۆ هەر بەکارهێنەرێک (Per user): ئەم دۆخە نیشاندەری بەرەنجامی بڕی ئەو پێوەر یان مێتریکە دیاریکراوەیە، کە لە ڕێگەی دابەشکردنی کۆی گشتی بڕەکانی ئەم پێوەرە بەسەر کۆی گشتی ژمارەی بەکارهێنەراندا بەدەست دێت.
پاراستن (Retention): پاراستن بریتییە لە نیشاندانی ژمارەی ئەو بەکارهێنەرانەی کە لە ڕابردوودا بۆ یەکەمجار هاتوونەتە ناو ماڵپەڕەکە و لە هەفتە، مانگ یان هەر ماوەیەکی کاتیی دیاریکراوی تردا دووبارە سەردانی ماڵپەڕەکەیان کردووەتەوە، دابەشە بەسەر کۆی گشتی بەکارهێنەران.
کۆی گشتی (Total): ئەم دۆخە کۆی گشتیی مامەڵەکان (Transactions)، دانیشتنەکان (Sessions) یان هەر مێتریکێکی تری دیاریکراو نیشان دەدات.
٣. لە هەنگاوی دواتردا، دەبێت مەودای کاتیی (Date Range) مەبەست بۆ بینینی ڕاپۆرتەکە دیاری بکەن.

ئەم بەشەی ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) وردەکارییەکی زۆری تێدایە کە لەم وتارەدا لە باسکردنیان چاوپۆشی دەکەین.
بە بەکارهێنانی ئەم بەشەی ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) دەتوانن سەرچاوەکانی ڕاکێشانی ترافیک (Traffic)ی ماڵپەڕەکەتان بە شێوەیەکی پۆلێنکراو ببینن، بە شێوەیەکی گشتی کەناڵەکانی ڕاکێشانی ترافیکی ئۆرگانیک (Organic Traffic) لە بزوێنەرەکانی گەڕانەوە، هاتنە ناوەوەی ڕاستەوخۆی بەکارهێنەر لە ڕێگەی ناونیشانی ماڵپەڕەکەوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێکلامە پارەییەکان و کەناڵە پەیوەندییەکانی ئەفیلیت مارکێتینگ (Affiliate Marketing) لە گرنگترین سەرچاوەکانی ڕاکێشانی ترافیک بۆ ماڵپەڕەکانن.

لە ژێر-مێنۆی (Submenu) هەموو ترافیکەکان(All Traffic) لە بەشی (Acquisition) دا دەتوانن کەناڵە جیاوازەکانی ڕاکێشانی ترافیک ببینن، کە بە کلیک کردن لەسەر ئەم بەشە، ڕووبەڕووی خشتەیەک دەبنەوە و بە کلیک کردن لەسەر هەر بەشێک دەتوانن وردەکاری زیاتر دەربارەی ئەو کەناڵەی ڕاکێشانی ترافیک بەدەست بهێنن.

هەروەک لە وێنەکەدا دیارە بەشی (All Traffic) خۆی سێ ژێر-مێنۆ لەخۆ دەگرێت:

لە بەشی (Treemaps) دەتوانن ئەو زانیارییانەی دەربارەی کەناڵەکانی ڕاکێشانی ترافیک پێشکەش کراون، بە شێوەی گرافیکی ببینن.
بەشی (Source/Medium) سەرچاوەی ڕاکێشانی ترافیک بۆ دوو بەشی “بزوێنەری گەڕان” یان “دۆمەین” (Domain) دابەش دەکات.
بەشی (Referrals) ئەو ناونیشانانە دیاری دەکات کە بەکارهێنەران بۆ ئەم ماڵپەڕەیان ناردووە.
یەکێک لە گرنگترین و بەسوودترین بەشەکانی ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکس، بەشی ڕەفتاری بەکارهێنەران یان هەمان (Behavior)ـە لەم ئامرازەدا، کە ئەم بەشە ئەمانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:
ئەم بەشەی ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) زانیاری دەربارەی تەواوی پۆستەکانی بلۆگی ماڵپەڕ، لەندینگ پەیجەکان(Landing Pages) و ناوەرۆکی لاپەڕەکانی تری ماڵپەڕەکەت دەخاتە بەردەست.
ئەم بەشەی ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکس ژێرکۆمەڵەی بەشی (Behavior)ـە و تێیدا دەتوانن زانیاری بەسوود دەربارەی پڕبینەرترین لاپەڕەکانی ماڵپەڕەکەتان ببینن، هەروەک لە وێنەکەی خوارەوەدا نیشان دراوە.

ئەم بەشەی ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکس، زۆر زانیاری بەسوودی دەربارەی لەندینگ پەیجەکانی (Landing Page) تێدایە؛ مەبەست لە لەندینگ پەیجەکان، یەکەمین لاپەڕەی ماڵپەڕەکەیە کە بەکارهێنەر لە ڕێگەی هەرکام لە کەناڵەکانی ڕاکێشانی ترافیکەوە(بۆ نموونە ترافیکی ئۆرگانیکی بزوێنەرەکانی گەڕان) دێتە ناو ماڵپەڕەکەوە و لە ڕاستیدا یەکەمین لاپەڕەیە کە بەکارهێنەر دەیبینێت.
هەروەک چۆن لە وێنەکەی خوارەوەدا دەبینن، گووگڵ ئەنالیتیکس بۆ پێشکەشکردنی ئاماری لەندینگ پەیجەکان، چەندین حاڵەتی جیاواز لە بەر چاو دەگرێت.

ئەگەر بەدوای لەندینگ پەیجەکانی بەکارهێنەرانی مۆبایل یان تابلێتدا دەگەڕێن، دەتوانن لە بەشی (Mobile and tablet traffic) لە ڕاپۆرتی لەندینگ پەیجەکان بیبینن، یان ئەگەر دەتانەوێت ئەو لەندینگ پەیجانەی کە بوونەتە هۆی کڕینی بەرهەم ببینن، دەتوانن لە بەشی (Made a purchase)ـەوە چاودێریان بکەن.
بە بەکارهێنانی ئەم بەشەی ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکس دەتوانن لاپەڕەکانی چوونە دەرەوە یان هەمان ئەو لاپەڕانەی کە بەکارهێنەر دوای بینینیان ماڵپەڕەکە بەجێ دەهێڵێت، دەستنیشان بکەن.
بە سوودوەرگرتن لەم بەشەی ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) دەتوانن ئەو لاپەڕانەی کە زۆرترین چوونە دەرەوەیان تێدا بووە و بوونەتە هۆی زیادبوونی نرخی بازدان یان (Bounce Rate) بناسنەوە و لە کاتی پێویستدا ناوەرۆکەکانیان باشتر بکەن.

ئەم بەشەی ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکس خێرایی لەودینگ (Loading)ی ماڵپەڕ بۆ بەکارهێنەران نیشان دەدات. ڕوونە هەرچەندە خێرایی لەودینگی ماڵپەڕ زیاتر بێت، ئەزموونی بەکارهێنەر (User Experience – UX) باشتر دەبێت و ئەم بابەتە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر سێئۆی ماڵپەڕ (Site SEO) دەبێت.
ئەگەر بەکارهێنەران بە کەڵکوەرگرتن لە بزوێنەرەکانی گەڕان دەتوانن ماڵپەڕەکەتان ببینن دەبێت ئەم بەشە لەناو گووگڵ ئەنالیتیکسیشدا ڕێک بخەن (Set up).
بە بەکارهێنانی ئەم بەشەی ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکس دەتوانن ئەو دەستەواژانەی کە بوونەتە هۆی ڕاکێشانی ترافیک(Traffic) لە بزوێنەرەکانی گەڕانەوە بۆ ماڵپەڕەکەتان، دەستنیشان بکەن.
دوای ناسینەوەی ئەو دەستەواژانەی کە بوونەتە هۆی ڕاکێشانی ترافیک بۆ ماڵپەڕەکەتان لە ڕێگەی بزوێنەرەکانی گەڕانەوە، دەتوانن ناوەرۆکێکی سەرنجڕاکێش و بەکارهێنەر-دۆست (User-friendly) کە وەڵامدەرەوەی پێویستییەکان و داواکارییەکانی بەکارهێنەران بێت لە ماڵپەڕەکەتاندا بەرهەم بهێنن، یان تەنانەت بە شیکردنەوەی ناوەرۆکی ئامادەکراو، بە شێوازێک باشتری بکەن کە وڵامدەرەوەی تەواوی پێویستییەکانی بەکارهێنەر بێت.
لەناو ئەم بەشەی ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) دا، دەبێت سەرنجێکی تایبەت بخەنە سەر ستوونی (Search Exits) کە نیشاندەری ژمارەی چوونە دەرەوەی بەکارهێنەرانە لە ماڵپەڕەکە بۆ دەستەواژەیەکی گەڕانی دیاریکراو؛ چونکە ئەگەر ژمارەی ئەم بەکارهێنەرانە زۆر بێت، ئەوا بە ئەگەری زۆر ماڵپەڕەکەتان ناوەرۆکێکی گونجاوی بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی ئەو بەکارهێنەرانە نییە کە لە ڕێگەی ئەو دەستەواژەی گەڕانەوە ڕاکێشراونەتە ناو ماڵپەڕەکەتان.

بە بەکارهێنانی ئەم بەشەی ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکس دەتوانن زانیاری بەسوود دەربارەی ئەو کار و ڕووداوانەی کە بەکارهێنەران لە ماڵپەڕەکەتاندا ئەنجامی دەدەن بەدەست بهێنن؛ بۆ نموونە دەتوانن لە ژمارەی پلەی کردنی ڤیدیۆیەکی (Video Play) دیاریکراو لە ماڵپەڕەکەتاندا ئاگادار ببنەوە.
لەناو ئەم بەشەی ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکسدا دەتوانن ئەو لاپەڕانەی ماڵپەڕەکەتان کە زۆرترین بینەری دیاری بکەن؛ دەکرێت بوترێت ئەم لاپەڕانە گرنگترین و کاریگەرترین لاپەڕەکانی ماڵپەڕەکەتانن.

بە بەکارهێنانی گووگڵ ئەنالیتیکس دەکرێت دەربارەی نرخی گۆڕان(Conversion Rate) زانیاری بەسوود بە دەست بهێنن.
خاڵێک کە دەبێت سەرنجی بدەن ئەوەیە کە پێوەری گۆڕان بەپێی ئامانجی بەڕێوبەرانی ماڵپەڕ دەکرێت جیاواز بێت؛ بۆ نموونە پێوەری گۆڕان لە ماڵپەڕێکی فرۆشگاییدا دەکرێت کڕینی کڕیار بێت، لە کاتێکدا پێوەری گۆڕان لە ماڵپەڕێکی تردا دەکرێت تەنها ناونووسین و ئەندامبوون بێت لە ماڵپەڕەکەدا.
ڕاپۆرتەکانی گۆڕان (Conversion Reports) لە گووگڵ ئەنالیتیکسدا چەندین بەشی جیاواز لەخۆ دەگرێت کە لەم بەشەدا هەندێکیان دەناسێنین:
لەناو ئەم بەشەدا دەتوانن پێداچوونەوەیەکی گشتگیر دەربارەی نرخی گۆڕانی ماڵپەڕەکەتان هەبێت و لە ماوەیەکی کاتیی دیاریکراودا زانیاری بەسوود دەربارەی ئەم پێوەرە لە ماڵپەڕەکەتاندا بە دەست بهێنن.

لەناو ئەم بەشەی ڕاپۆرتی گۆڕان لە گووگڵ ئەنالیتیکسدا دەتوانن زانیاری بەسوود دەربارەی قۆناغە جیاوازەکانی کارکردی بەکارهێنەر لەناو ئەو فانێڵی گۆڕانەی (Conversion Funnel) کە مەبەستتانە، بەدەست بهێنن.

بە بەکارهێنانی ئەم بەشەی ڕاپۆرتی گووگڵ ئەنالیتیکس دەتوانن ئەو ڕەوت یان پرۆسەیەی کە بەکارهێنەر دەیبڕێت تا دەگاتە ئامانجی مەبەست، بە شێوەیەکی بەرجەستە دیاری بکەن و زانیاری بەسوود دەربارەی ئەو ڕەوتە بەدەست بهێنن.
لەم وتارەدا دەربارەی ئامرازی بەناوبانگ و ناسراوی گووگڵ ئەنالیتیکس (Google Analytics) لەگەڵتان دواین و لەگەڵ ناساندنی ئەم ئامرازە بەسوودە، شێوازی دامەزراندن (Installation)ـی گووگڵ ئەنالیتیکسمان بۆ ماڵپەڕ فێر کردن و لە بەشی کۆتاییشدا بە شێوەیەکی گشتی بەشە جیاوازەکانی ڕاپۆرتی ئەم ئامرازەی گووگڵ و ئەو زانیارییانەی کە لە هەر بەشێک دەتوانن بەدەستی بهێنن، بە ئێوەمان ناساند.